رووداو دیجیتاڵ
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق داوا لە پەرلەمان دەکات لە "نزیکترین" دانیشتنیاندا میوانداری بکەن، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق.
دووشەممە 3ی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، فالح ساری داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکترین دانیشتندا میوانداری بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەو داواکارییە بۆ ئەوەیە لەو دانیشتنەدا تاوتوێی دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق بکرێت، لەگەڵ خستنەڕووی ئاستەنگییەکان کە رووبەڕووی دارایی گشتی دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئێستای ناوچەکە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: "داواکاریی میوانداریکردنەکەمان لە پەرۆشی وەزارەتەکەمانەوەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە بۆ نوێنەرانی گەل روون بکەینەوە لەبارەی واقیعی دارایی و ئابووریی ئێستا و ئەو رێکارانەی کە وەزارەت دەیانگرێتەبەر بۆ گەرەنتی و جێبەجێکردنی پابەندییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت و بەردەوامیی بەرنامەی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی."
داواکەی وەزیری دارایی بۆ میوانداریکردنی لە کاتێکدایە عێراق بە دۆخێکی دارایی ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتەکەی بۆ کەمتر لە 20%ی بڕی پێشووی.
خەرجیی مانگانەی عێراق زیاتر لە 10 تریلیۆن دینارە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەکەی، داهاتی مانگانەی بۆ نزیکەی دوو تریلیۆن دینار کەم بووەتەوە.




