رووداو دیجیتاڵ حکومەتی قرغیزستان زیاتر لە 500 هاووڵاتیی خۆی کە زۆربەیان ژن و منداڵن و پێشتر لە ناوچەکانی ململانێی چەکداری لە سووریا و عێراق بوون، گەڕاندووەتەوە وڵاتەکەی. عایدە ئیساتبەک قیزی، جێگری وەزیری کار، دابینکردنی کۆمەڵایەتی و کۆچبەرانی قرغیزستان ئەمەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وڵاتەکەی راگەیاند. دانوستاندن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە کەمپەکانی سووریا و عێراق بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی (کابار)ـی قرغیزستانی، ئەم پرۆسەی گەڕاندنەوەیە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕی نێوان حکومەتی قرغیزستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتووە. عایدە ئیساتبەک قیزی گوتی، لە ساڵی 2021ـدا 79 هاووڵاتی لە عێراقەوە گەڕێندراونەتەوە، هەروەها لە ساڵانی 2022 تاوەکو 2024، 460 کەس کە زۆربەیان منداڵ بوون، لە کەمپەکانی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ قرغیزستان. گەڕاوەکان لە ناوەندە فەرمییە داخراوەکاندا جێگیرکراون و پشکنینی پزیشکییان بۆ ئەنجامدراوە؛ چارەسەری پێویستیان بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و گواستراوەکان بۆ کراوە، هاوکات ڤاکسینی پێویست بە منداڵەکان دراوە. هەروەها پاڵپشتیی دەروونیی بەردەوامیان پێشکەشکراوە، بەتایبەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو زەبرە دەروونییانەی بەهۆی ململانێ چەکدارییەکانەوە تووشی ببوون. هاوشانی ئەمەش، زانایانی ئایینی و دەروونناسان کاریان کردووە بۆ روونکردنەوەی بەها ئایینییەکان و پێگەی یاسایی و بەڵگەنامە کەسییەکانی ئەم هاووڵاتییانەش گەڕێندراوەتەوە. تێکەڵکردنەوەی خێزانەکان کاری لەپێشینەی دەوڵەتە عایدە ئیساتبەک قیزی جەختی لەوەکردەوە کە تێکەڵکردنەوەی خێزانە گەڕاوەکان بۆ نێو کۆمەڵگە، کاری لەپێشینەی دەوڵەتە. لەم پێناوەشدا، وەزارەت چەندین پڕۆژەی لە بواری پەروەردە و خوێندندا جێبەجێکردووە؛ 251 مامۆستا لە 85 قوتابخانە و 36 راهێنەر مەشقی تایبەتیان پێکراوە، هەروەها 308 منداڵ تێکەڵی پرۆسەی خوێندن کراونەتەوە. جگە لەوەش، 132 منداڵ بەشدارییان لە خولەکانی پەرەپێدانی کارامەییدا کردووە، 44 منداڵ خراونەتە نێو پۆلە زانیارییە زیادەکانەوە و دەرفەتی خوێندنی پیشەیی بۆ 22 مێرمنداڵ دابینکراوە. تاوەکو ئێستا، سەرپەرشتیاری یاسایی بۆ 79 منداڵ دیاریکراوە و 71 منداڵیش هاوکاریی مادیی تایبەت بە "پاڵپشتیی خێزان" وەردەگرن؛ هەروەها 54 ژن خولەکانی مەشقی پیشەییان تەواوکردووە کە 46ـیان کاری هەمیشەییان دۆزیوەتەوە. وێڕای ئەمانەش، چوار خێزانی کەمداهات بڕی 150 هەزار سۆم (دراوی قرغیزی)ـیان بەپێی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پێدراوە و پڕۆژەی بچووکی بازرگانیی خۆیان پێکردووەتەوە. وەزارەت سێ مانگ جارێک چاودێریی دۆخی ئەم خێزانانە دەکات و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی پێیان.
عێراق03-08-2026کێشەی 1800 پارچە زەویی کریستیانەکانی تلکێف گەیێندرایە بەغدا؛ "بەسەر عەرەبدا دابەش کران"