رووداو ديجيتاڵ کریستیانەکان دژی رێکارە کارگێڕییەکان بۆ بەناوکردنی 1800 پارچە زەوی لە سنووری قەزای تلکێف لە پارێزگای نەینەوا دەوەستنەوە. ئەو زەوییانە بەر لە سێ دەیە درابوونە فەرمانبەرانی عەرەبی دامەزراوەیەکی سەربازی. بەگوتەی سەرۆکی فراکسیۆنێکی کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیژنەی باڵای مادەی 140 پێی گوتوون بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە خۆی سەردانی نەینەوا دەکات. کێشەکە پەیوەندیدارە بە بڕیاری ژمارە 41ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی بەعس کە لە ساڵی 1993 دەرکرا بۆ دابەشکردنی ئەو 1800 پارچە زەوییە کە لەسەر رووبەری 400 دۆنم زەوییە لە سنووری قەزاى تلکێف. بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو زەوییانە دەبوو بدرێنە فەرمانبەرانی دامەزراوەی جابر بن حەیان کە دامەزراوەیەکی سەر بە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی پێشووی عێراق بوو، بەڵام مامەڵەی بەناوکردنی زەوییەکانیان بۆ نەکرا، بەهۆی ئەوەی کێشەی یاسایی لەسەر بوو. محەمەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی ئەو زەوییانەیان بە ناوەوە دەرچووە هاووڵاتی عەرەبن، رێکارەکانی بەناوکردنی زەوییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە زیندووکرانەوە و رێکارەکان بەردەوامن و رانەگیراون". فراکسیۆنی سۆیانای کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق، لە 19ی تەممووزدا دوو نووسراوی جیاوازی لەبارەی ئەو کێشەیەوە ئاراستەی عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیران و هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 کرد. فراکسیۆنەکە لەو نووسراوانەدا ئاماژەی بەوە داوە کە شارەوانیی تلکێف دەستی کردووە بە رێکارەکانی بەناوکردنی ئەو زەوییانە، سەرەڕای ئەوەی قەزاکە لە سنووری مادەی 140ی دەستووردایە و داوای کردووە کە ئەو رێکارانە رابگیرێن. لە 2ی ئابی 2026، شاندێکی فراکسیۆنی سۆیانا لەگەڵ هادی عامری لەسەر ئەو پرسە کۆبووەوە. کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنەکە بە رووداوی گوت: "هادی عامری بەڵێنی دا کە پشتیوانییان بکات و پێی گوتین بەم نزیکانە بۆ تاوتوێی ئەو بابەتە سەردانی نەینەوا دەکات." پێشتر لە ساڵی 2025دا لیژنەی باڵای مادەی 140ی دەستوور نووسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردبوو و تێیدا ئاماژەی بەو ناوچانە کردبوو کە لە سنووری مادەی 140دان. تلکێف یەکێکە لەو ناوچانە. یاسر شێخ عەساف، قایمقامی تلکێف بە وەکالەت بە رووداوی گوت: "ئەوەندەی ئاگاداربم بینا لەسەر ئەو زەوییانە دروست نەکراوە. کەسانێک هەن سکاڵایان کردووە لە دژی رێکارەکان." لە ساڵی 2013دا دادگای باڵای فیدراڵی شرۆڤەی بۆ بڕگەیەکی مادەی 23ی دەستوور کرد و گوتی، نابێت هیچ رێکارێکی کارگێڕی لەو ناوچانە بگیرێتەبەر کە دانیشتووانەکەی تایبەتن بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو. لە 26ی تەممووزدا، هاوپەیمانێتیی کریستیانەکان "دەستپێشخەریی تلکێف"یان راگەیاند کە یەکێک لە ئامانجەکانی، رێگریکردنە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو زەوییانە بە پاساوی ئەوەی لە سنووری مادەی 140ی دەستووردان.