رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەیەک لە سەربازگەی تاجی لە بەغدا روویدا. سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، هۆکارەکەی نەزانراوە.
رۆژی یەکشەممە، دووی ئابی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 04:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەقینەوەیەک لە سەربازگەی تاجی روویدا.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات کە تەقینەوەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووە. بەڵام سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نازانرێت، ئاخۆ بەهۆی خراپ کۆگەکردنی چەک و تەقەمەنییەکان بووە یان شۆرتی کارەبا.
بە گوتەی سەعد مەعن، تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
سەربازگەى تاجى، سەربازگەی سوپای عێراقە و بنکەی ئاسمانیشی لێیە، دەکەوێتە سنوورى بەغدا و 27 کیلۆمەتر لە باکوورى ئەو شارەوە دوورە.

.jpg&w=3840&q=75)

