رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، لەسەر کردنەوەی نووسینگەی نێردەی ناتۆ لە بەغدا رێککەوتن. نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، ئامانج لێی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ناتۆیە.
رۆژی یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لەرێگەی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە لەگەڵ فەریق رامۆن ئارمادا، فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر "کردنەوەی نووسینگەی نێردەی ناتۆ لە بەغدا رێککەوتن. ئەم هەنگاوەش ئاماژەیە بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، باسی بارودۆخی ناوچەکە و گرژییەکان کراوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لە پێویستیی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکان لەڕێگەی دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە."
نووسینگەکە دەڵێ، "رامۆن ئارمادا دووپاتی کردەوە کە ئەرکی ناتۆ لە عێراق ئەرکێکی نادەوڵەتی و نافەرمیی شەڕکەرە" و ئامانجی سەرەکییان پەرەپێدانی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان. راشیگەیاندووە کە ناتۆ پابەندە بە پشتگیریکردنی عێراق بەپێی ئەو لەپێشینانەی حکومەتی عێراق دیارییان دەکات.
قاسم عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، ناتۆ جگە لە مەشق و راوێژکاری، هاوکاریی عێراق دەکات لە بوارەکانی وەک، "بنیاتنانی توانای سەربازی، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بریتییە لە "کرانەوە بە رووی هەموو وڵاتە دۆست و براکاندا" بە مەبەستی راکێشانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان. باسی لەوەش کرد، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بەهێز بکات.
تەممووزی 2015، لە وەڵامی داواکارییەکی حکومەتی عێراق، ناتۆ رەزامەندی نیشاندا لەسەر دابینکردنی پشتیوانیی بەرگری بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەڵام لە 20ـی ئاداری ئەمساڵ، بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، هاوپەیمانییە سەربازییەکە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

