رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای بابلی زۆرینە شیعە، سێ ناوچەی سنووری ئەنباری زۆرینە سوننە دەخاتە نێو یەکەی کارگێڕیی خۆیەوە و بەهۆیەوە ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو پارێزگایە دروست دەبێت و لە دادگەى کارگێڕى سکاڵا تۆمار دەکرێت.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل لە 27ی تەممووز دراوە، ئەوەش لە چوارچێوەی دروستکردنی یەکەی کارگێڕیی نوێ کە سێ ناوچەی خستووەتە سنووری ئەو یەکە کارگێڕییانە، کە حکومەتی خۆجێیی ئەنبار بە موڵکی پارێزگاکەی دەیزانێت.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراویان ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگا و حکومەتی خۆجێیی بابل کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی کە سێ ناوچەی گرتووەتەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی ئەنبار، ئەو سێ ناوچەیە سەر بە قەزای عامریدەی سەر بە پارێزگاکەن کە هاوسنووری پارێزگای بابلە.
سەعد غازی گوتی: "قبووڵى ناکەین دەست بۆ زەویی ئەنبار ببردرێ."
پارێزگای بابل زۆرینە شیعەیە و ئەنباریش زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننەن، نزیکەی 45 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە.
لە 28ی تەممووز ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەو سێ ناوچەیەی حکومەتی خۆجێیی بابل خستوویەتییە سەر سنووری کارگێڕیی خۆی، بەگوێرەی نەخشەی وەزارەتی پلاندانان سەر بە ئەنبارن.
موئەیەد دلێمی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:"لە دادگای کارگێڕی سکاڵامان تۆمار کردووە و بۆ دەرکردنى بڕیارێکى فەرمانسالارى بۆ راگرتنی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل تاوەکو سکاڵاکەمان لەو دادگایە یەکلادەبێتەوە."
موئەیەد دلێمی رایگەیاند: پارێزگاری ئەنبار نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیران ناردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە بە پاساوی ئەوەی نادەستوورییە.



