رووداو دیجیتاڵ
عێراق لە ئامادەکاریی تەواودایە بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمی چلەی ئیمام حوسێن؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4 ملیۆن و نیو زیارەتکاری بیانی لە 172 وڵاتەوە هاتوونەتە وڵاتەکە و وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاند نوێترین تەکنەلۆژیا و زیاتر لە 2500 کامێرای چاودێری بۆ پاراستنی ئاسایشی مەراسیمەکە بەکاردەهێنێت.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، یادی چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەم مەبەستە، حکومەتی عێراق و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان هەموو تواناکانیان خستووەتە کار بۆ پێشوازیکردن لەو لێشاوە گەورەیەی سەردانیکاران.
پلانی ئەمنی و تەکنەلۆژیای زیرەک
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، پلانی ئەمنیی ئەمساڵ جیاوازە و تێیدا دیمەنی چەکداری لە ناو شارەکاندا کەمکراوەتەوە. محەممەد حەسوون، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی شەممە (1ی ئابی 2026) بە رووداوی راگەیاند، پلانەکە پشت بە زانیاریی هەواڵگری و تەکنەلۆژیای نوێ دەبەستێت.
محەممەد حەسوون گوتی، "بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هێزی مرۆیی، کامێرای چاودێریی زیرەک، ژووری کۆنترۆڵی یەکگرتوو و سیستەمی شیکردنەوەی قەرەباڵخی هاتووچۆ بەکاردەهێندرێن." هاوکات بەشی چاودێریی ئەلیکترۆنی لە حەرەمی حوسێنی ئاشکرای کرد، کە ژمارەی ئەو کامێرایانەی لە ناوچەکە جێگیرکراون، گەیشتووەتە زیاتر لە 2500 کامێرا بۆ دابینکردنی پاراستنێکی گشتگیر.
زیاتر لە 4ملیۆن زیارەتکاری بیانی
سەبارەت بە ژمارەی سەردانیکاران، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند، "چوار ملیۆن و 435 هەزار و 492 زیارەتکاری بیانی لە 172 وڵاتەوە هاتوونەتە عێراق." ئەم سەردانیکارانە لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانی حکومەتی فیدراڵی، فڕۆکەخانەکان و دوو دەروازەی وشکانیی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوونەتە ناو خاکی عێراق.
ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژانە دەگۆڕێن، ژمارەی زیارەتکاران روو لە زیادبوونە.
نەجەف؛ شا دەماری گەشتە ئاسمانییەکان
پارێزگای نەجەف وەک یەکەم وێستگەی زۆربەی زیارەتکاران، گوشارێکی زۆری لەسەرە. ئەحمەد فەتلاوی، گوتەبێژی پارێزگای نەجەف بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 15 رۆژی رابردوودا 555 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف نیشتوونەتەوە.
تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەوە زیاتر لە 80 هەزار زیارەتکار هاتوون و ژمارەی ئەوانەی گەشتیان کردووە (رۆیشتوون) 55 هەزار و 140 گەشتیار بووە، پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر ببێت.
خزمەتگوزاری و سووتەمەنی
بۆ رێگریکردن لە هەر قەیرانێکی خزمەتگوزاری، لقی نەجەفی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان ملیۆنێک و نیو لیتر سووتەمەنی (گازوایل و بەنزین)ی بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و مۆلیدەکان تەرخان کردووە.
بە گوتەی گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، لە رووی تەندروستییەوە، هەموو نەخۆشخانەکان و سەنتەرە پزیشکییە گەڕۆکەکان بە درێژایی رێگەی نەجەف-کەربەلا جێگیرکراون. گوتەبێژی پارێزگای نەجەف ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی گەرماوە چەندین حاڵەتی بورانەوە هەبووە و تیمەکان دەستبەجێ چارەسەریان کردوون.
ماڵەکان دەبنە کەژاوە
حوسێن مەهدی، هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەربەلا بە رووداوی گوت، "ساڵانە ماڵەکانمان بە رووی زیارەتکاراندا دەکەینەوە، تەنانەت زیارەتکاری ئێرانی لە ماڵەکانماندا دەمێننەوە. هەموو خواردن و خواردنەوە و شوێنی مانەوەش بەخۆڕاییە و تەنانەت دوای رۆشتنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان پەیوەندییمان لەگەڵیاندا ناپچڕێت و بەردەوامە."
مانگی موحەرەم و یادی چلەی ئیمام حوسێن لەلای پەیڕەوانی مەزهەبی شیعە بایەخێکی زۆری هەیە.
ساڵانە لەم رێوڕەسمانەدا ملیۆنان سەردانیکار لە وڵاتانی جیهان و دراوسێوە، بەتایبەتی لە ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و وڵاتانی کەنداوەوە روو لە شارەکانی کەربەلا و نەجەف دەکەن.
یادی چلەی ئیمام حوسێن پار کەوتبووە 14ـی ئاب، بەڵام ئەم ساڵ دەکەوێتە 4ی ئاب.
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، رێککەوتی 3 و 4ـی ئابی 2026، بەبۆنەی یادی چلەی ئیمام حوسێن لە هەموو دامەزراوە فەرمییەکاندا پشووی فەرمی بێت.



