رووداو - دیجیتاڵ بەهۆی کەمبوونی دابینکردن و زیادبوونی خواست، قەیرانی گازوایل لە شاری بەغدا سەریهەڵداوەتەوە؛ شۆفێران ناچارن دوو بۆ شەش کاژێر لە نۆرەی درێژدا بوەستن تاوەکو تەنیا 40 لیتر گازوایلیان دەستبکەوێت. ئەمە لەکاتێکدایە عێراق خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، بەڵام شۆفێران دەڵێن دەستکەوتنی سووتەمەنی بووەتە "خەون". نۆرەگرتنی دوور و درێژی شۆفێران بۆ دەستکەوتنی گازوایل، بووەتە دیمەنی سەرەکیی بەنزینخانە حکومییەکانی پایتەخت. حوسێن عەلی، شۆفێرێکە و باس لە درێژیی نۆرەکان دەکات؛ ئەو بە رووداوی گوت: "لە کووتەوە تاوەکو ئێرە نە گازوایل هەیە و نە بەنزین، تەنیا لە وێستگە حکومییەکان هەیە، لەوێش نۆرەگرتنەکە دوو کیلۆمەتر درێژە. لە سەعات 1:00ـەوە لێرەم و هێشتا نۆرەم نەگەیشتووە." زیانی کاسبکاران و پەککەوتنی کار دەستنەکەوتنی گازوایل تەنیا ماندووبوون نییە، بەڵکو زیانی ماددی گەورەی بە کاسبکاران گەیاندووە. فوئاد نووری، هاونیشتمانییەک لە بەغدا دەڵێت: "دەبێت بەنۆرە لە بەنزینخانەکان بگەڕێیت، کارەکانمان راوەستاوە؛ ئەو بارەی لەناو ئۆتۆمبێلەکانماندایە، وەک بۆیە و کەلوپەلی هەستیار، لەبەر گەرما تێکدەچێت و دەسووتێت." کەڕاڕ عەباس، شۆفێرێکی دیکەیە کە دوای گەڕانێکی زۆر گەیشتووەتە نۆرە، ئەو دەڵێت: "زیاتر لە دوو کاژێرە لە ناوچەی شوعلەوە دەگەڕێم تاوەکو لێرە گازوایلم دۆزییەوە، لە هیچ بەنزینخانەیەکی ئەهلی گازوایل نییە." هۆکاری قەیرانەکە چییە؟ عێراق رۆژانە پێویستی بە 28 ملیۆن لیتر گازوایل هەیە. هۆکاری سەرەکیی ئەم تەنگژەیە بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە: 1. کەمیی کارەبای نیشتمانی: کە وایکردووە مۆلیدە ئەهلییەکان زیاتر کار بکەن. 2. زیادبوونی خواست: مۆلیدەکان بڕێکی یەکجار زۆر گازوایل بەکاردەهێنن، ئەمەش فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بەشە گازوایلی شۆفێران. لە 10 خولەکەوە بۆ چەندین کاژێر هەفتەیەک پێش ئێستا، هەر شۆفێرێک دەیتوانی کەمتر لە 10 خولەک گازوایلی پێویست بۆ ئۆتۆمبێلەکەی دابین بکات، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. رۆژ لە دوای رۆژ کاتی چاوەڕوانی زیاتر دەبێت و نۆرەکان درێژتر دەبن، نرخیش هەرچەندە وەک خۆی (400 دینار بۆ هەر لیترێک) ماوەتەوە، بەڵام دەستکەوتنی قورس بووە. لە کاتێکدا عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا، دووبارەبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی لە پایتەخت، پرسیاری زۆری لای هاونیشتمانییان دروستکردووە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی سامانی وڵات.