رووداو دیجیتاڵ
سەرباز عەلی، باوکی یاد، ئەو منداڵەی نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە بناری قەندیل دیارنەما، داوا دەکات وەڵامی ئەو پرسیارانەی بدرێنەوە کە لەبارەی کوڕەکەی هەیەتی.
سەرباز عەلی، باوکی یاد، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکەشی دەکات، گوتی، "زۆر دڵنیام یاد لە ژیاندا ماوە، بەڵام نازانم لەبن دەستی کەسوکارمە، ئاسایشی سنوورەکەیە یان پەکەکە."
ئەو هاونیشتمانییە گومانی لە ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی هەیە و دەڵێت، "پێیانگوتم ئەنجامەکە دوو هەفتەی پێدەچێت، کەچی بە 6 رۆژ دەرچوو. تەنیا نووسراوێکی سادەیان بۆ هێنام، بێ هیچ بەڵگەیەک."
باوکی یاد چەندین تێبینی لەسەر ئەو پاشماوانە هەیە کە دۆزراونەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە پێیوایە شیبوونەوەی تەرمێک لە 10 رۆژدا بەو شێوەیە ئەستەمە، بەتایبەت کە کەشوهەوا سارد بووە؛ هەروەها دەڵێت، "ئەو شەویلگەیەی دۆزراوەتەوە هیچ ددانێکی پێوە نەماوە، لەکاتێکدا یاد تەنیا یەک ددانی کلۆر بوو. ئەو پێڵاوەشی دۆزراوەتەوە هی کوڕی من نییە و گەورەترە."
سەرباز عەلی، سکاڵای لەسەر دوو خاڵی یاد تۆمارکردووە کە یەکێکیان دەستگیرکراوە. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "ئەگەر دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە بابەتەکە یەکلایی نەکەنەوە، سکاڵاکەم دەگوازمەوە بۆ هەولێر و ئەگەر پێویست بکات، پەنا بۆ دادگای فیدراڵیی بەغدا دەبەم."
دکتۆر بەختیار رەشید، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی سلێمانی، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا گوتی، "توێکاریمان بۆ ئێسکەکان کرد و دەرکەوت هی منداڵێکی تەمەن 4 ساڵە." سەبارەت بە شیبوونەوەی تەرمەکەش روونیکردەوە، "ئەگەر تەرمێک لە وەرزێکی گەرمدا لەبەر رۆژ بمێنێتەوە، لە 10 رۆژدا تەنیا ئێسکەپەیکەری دەمێنێتەوە."
سەرچاوەیەکیش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دادپزیشکیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، "پشکنینی DNA کراوە و ئەنجامەکەی رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە، بەڵام ئەوان پێی رازی نەبوون."
یاد سەرباز، لە 28ـی ئایاری 2026 لە ماڵی باپیرەی لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل ونبوو. لە 12ـی حوزەیران، ئێسک و پرووسکێک لەگەڵ جلوبەرگدا لە نزیک گوندەکە دۆزرایەوە. دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانیی بناری قەندیل بە رووداوی گوتی، "کەیسەکە لە دادگەیە و ئێمە تەنیا لە دوو رۆژی گەڕان بەدوای منداڵەکەدا رۆڵمان هەبوو."
