رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان رایدەگەیێنێت، قبووڵناکرێت لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستدرێژی بکرێتە سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق و نابێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
شەوی رابردوو عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی حکومەت، میوانداری کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکانی کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو هێرشانەی کە کرانە سەر چەند شوێنێک لەنێوخۆی عێراق و ئەو پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییانەی بەدوای خۆیاندا هێنایان.
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە تووندی سەرکۆنەی ئەو "دەستدرێژییە"ی کرد کە خاکی عێراقی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە، ئەمەشی بە "پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی عێراق و خاکی وڵات و بەزاندنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و گەڵاڵەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناوبرد.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 سعودیە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا ژمارەیەک هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی ولە ئەنجامدا بەگوتە دەستەی حەشدی شەعبی 20 چەکداریان کوژران و 32ی دیکە برینداربوون.
چوارچێوەی هەماهەنگی سەرسوڕمانی خۆی لەو هێرشانە نیشان داوە و رایگەیاند: "ئەم دەستدرێژییە لە کاتێکدایە کە حکومەت سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگ پەیڕەو دەکات، کە لەسەر بنەمای بنیادنانی پەیوەندیی هاوکاری و هاوبەشیی لەگەڵ دەوروبەری هەرێمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دامەزراوە."
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرەخۆشیی لە کەسوکاری کوژراوەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست، جەختیشی لەوە کردەوە: "قبووڵناکرێت لەژێر هیچ بارودۆخێکدا دەستدرێژی بکرێتە سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق، هەروەها رەتدەکرێتەوە عێراق بکرێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هێرشانەی کرانە سەر عێراق خزمەت بە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی ئاڵۆزکردنی دیمەنەکە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو ناوچەکە دروست دەکەن.



