رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای دیالە دەڵێ، ئەو هەواڵەی باس لە دەستبەسەرداگرتنی 700 ملیۆن دینار دەکات لە یەکێک لە بازگەکانی پارێزگاکەدا، هەواڵێکی کۆنە.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە رووداوی راگەیاند، "ئەو هەواڵەی بڵاوبووەتەوە کۆنە."
ئەم روونکردنەوەیەی پۆلیسی دیالە دوای ئەوە هات، رۆژی یەکشەممە (26ـی تەممووز)، پۆلیسی دیالە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، مەفرەزەکانی بەشی بازگەکان بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو لە بازگەی سەرحە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری (جیپ)دا گرتووە کە تابلۆی پارێزگای دهۆکی پێوە بووە.
لەو هەواڵەدا ئاماژە بەوە کرابوو، ئۆتۆمبێلەکە لە نەینەواوە بەرەو بەغدا رۆیشتووە و دوای پشکنین دەرکەوتووە بڕی 700 ملیۆن دیناری عێراقی لە جۆری 25 هەزاریی تێدابووە، بێ ئەوەی شۆفێرەکەی هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی پێبێت کە سەرچاوەی پارەکە یان خاوەندارێتییەکەی بسەلمێنێت.
هەروەها باس لەوە کرابوو کە پارەکە و ئۆتۆمبێلەکە دەستیان بەسەردا گیراوە و رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو لە دیالە کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی.

