رووداو - دیجتاڵ سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق تاوتوێی چۆنێتیی خەرجکردنی بودجەی چوار ساڵ دەکات. بە گوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی، هەر کەموکورتییەک لەو بودجەیەدا هەبێت، دەزگا پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن. پەرلەمانی عێراق خشتەی کارەکانی بۆ رۆژی شەممە 25ی تەممووزی 2026 بڵاوکردەوە، کە لە 10 بڕگە پێکدێت و چواریان تایبەتن بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی بودجەی چوار ساڵ. لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2012 بۆ 2015 دەکرێت، کە تێیدا وردەکاریی داهات و خەرجیی ئەو ساڵانەی تێدایە کە بەگوێرەی یاسای بودجە چۆن بووە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکانی ژمێرەی کۆتایی دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێن، کە تێیدا کەموکورتی و وردەکاریی ئەو پارانەی تێدایە کە خەرج نەکراون. ژمێرەی کۆتایی، وردەکاریی شێوازی خەرجکردنی بودجەی ساڵانەیە لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەو ساڵانە بەدەست هاتوون، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئامادە دەکرێت و دیوانی چاودێریی دارایی وردبینیی بۆ دەکات. جەمال کۆچەر رایگەیاند، لەدوای پەسەندکردنی ژمێرەی کۆتایی ئەو ساڵانە، ئەگەر هەر کەموکورتییەکی تێدا بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک دەستەی دەسپاکی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەن. بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبێت ساڵانە وەزارەتی دارایی ژمێرەی کۆتایی داهات و خەرجکردنی بودجەی ئەو ساڵانە ئامادە بکات و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینیی بۆ بکرێت.
عێراق12-08-2026کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پێنجشەممە رێککەوتنی هەناردەی نەوت نوێ بکرێتەوە
عێراق12-08-2026لە پێنج مانگدا پارەی سپاردەکراو لە بانکە حکومی و بازرگانییەکانی عێراق زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینار کەمبووە