رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت: دەروازەی شەلامچە لە پارێزگای بەسرە دوای سێ کاژێر لە وەستان کرایەوە. داخستنی دەروازەکە بەهۆی بۆردوومانێکەوە بووە لە نێو خاکی ئێراندا. عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "کارکردن لە دەروازەی سنووریی شەلامچە بۆ ماوەی سێ کاژێر، لە کاژێر 02:00ـی شەو تاوەکو 05:00ـی بەرەبەیان، لەسەر داوای لایەنی ئێرانی وەستا." وائیلی روونیکردەوە: ئەو داوایەی ئێران بۆ رێکخستنەوەی دۆخی دەروازەکە بووە دوای ئەوەی لە لایەنەکەی دیکەی سنوور (دیوی ئێران) بۆردوومان کراوە. سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق راشیگەیاند: لە کاژێر 05:00ـی بەرەبەیانەوە تاوەکو ئێستا کارەکان لە دەروازەکە بە ئاسایی و بەبێ گرفت بەڕێوەدەچن و جموجووڵەکان بەردەوامن، بەتایبەت بۆ هاتنی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، وەلیوڵڵا حەیاتی، جێگری پارێزگاری خوزستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: لە 24 کاژێری رابردوودا چەندین ناوچەی پارێزگاکە لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومان کراوە. وەلیوڵڵا حەیاتی، بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان گوتی: لە هێرشێکدا بۆ سەر دەروازەی سنووریی شەلامچەی پارێزگاکە، لانیکەم دوو کەس کوژراون و 11 کەسیش بریندار بوون. شەلامچە دەروازەیەکی سنوورییە لەنێوان ئێران و عێراق کە دەکەوێتە رۆژئاوای خورەمشار لە پارێزگای خوزستان و نزیکترین خاڵی سنوورییە لە شاری بەسرەی عێراق کە زۆرترین هاتووچۆی زیارەتکارانی پێدا دەکرێت.
عێراق23-07-2026جەمال کۆچەر: وەزیری دارایی عێراق پێی گوتین پارەم نییە؛ عێراق لە دۆخێکی دارایی سەختدایە