رووداو دیجیتاڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەستی بە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا بە فەرمی بەشداریی پێنەکراوە. بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: ئەوان لە هەوڵدان بۆ ئامادەکردنی داواکاری و پڕۆژەکانیان تاوەکو زووتر پێشکەشی بەغدای بکەن. دەشڵێت: دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی نوێترین داتای دانیشتووان جێگیر بکرێت، کە زیاترە لە 14٪. ئامادەکارییەکان بۆ بودجەی 2027 لە بەغدا لەلایەن وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی فیدراڵییەوە دەستیپێکردووە، سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان، لە بولتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانی رابردووش بەشداریی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئامادەکردنی بودجەدا بەو شێوازە نەبووە. ئەوان لە بەغدا خەریکی هەڵسەنگاندنن بۆ بودجەی 2027. ئێمە لە وەزارەتی پلاندانان خەریکین لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کار بکەین، بەتایبەتی لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە لە رێگەی قەرزی وڵاتانی کۆمەکبەخشەوە جێبەجێ دەکرێن، بۆ ئەوەی زووتر بینێرین بۆ وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ." بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەش کرد کە لەگەڵ هاوتاکەی لە بەغدا قسەی کردووە و پێی راگەیاندووە: ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە قەرزە نێودەوڵەتییەکانەوە، پێویستە لە بودجەی 2027ـدا جێیان بکرێتەوە. یەکێک لەو خاڵانەی هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە ئەوەیە: ئایا بودجەی داهاتوو بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت، یان تەنیا بۆ یەک ساڵ. سیروان محەممەد پێشبینی دەکات بەهۆی ناجێگیریی دۆخی ئابووریی عێراقەوە، بودجەیەکی یەک ساڵە و بچووک دابنرێت. یەکێک لە گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی بودجە، دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت پشکەکەی بەپێی ئەو ئامارەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردووەتەوە 14.1٪ بێت، کە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە شەش ملیۆن و 553 هەزار کەس دیاری کردووە. سیروان محەممەد لەمبارەیەوە گوتی: "دەبێت پشکی 14٪ جێگیر بکرێت، ئێمە بەغدامان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت ئەو ژمارەیە بکرێتە بنەما." بە گوتەی سیروان محەممەد، وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ هەوڵیداوە ئەو رێژەیە کەم بکاتەوە "بە بیانووی ئەوەی بیانی و ئاوارەی تێدایە، بەڵام ئەوە لەلایەن ئێمەوە رەتکراوەتەوە و ناتوانن بە فەرمی دەستکاریی ئەو رێژەیە بکەن." بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوە دا بەغدا هێشتا باسی رێژەی "12.68٪" دەکات، بەڵام گوتی: "هەرێمی کوردستان بەوە رازی نابێت. هەر زوو بەوە رازی نەبووین و ئاگاداریشمان کردوونەتەوە." حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەمجارە زووتر بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکات بۆ ئەوەی رێگری لەو کێشانە بکات کە لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی رابردوودا هاتنە پێشەوە. بە گوتەی سیروان محەممەد، پرسی "خەرجیی کرداری" لە ساڵانی رابردوودا وایکردبوو پارەیەکی کەمتر لەوەی شایستە بوو، بگاتە هەرێمی کوردستان: "ئەوە نابێت بمێنێت. دەبێت زۆر بە وردی سەیر بکرێت و نەهێڵرێت شتی وا تێپەڕێت، چونکە کە چووە نێو یاساکە، چاککردن و دەستکاریکردنی زۆر زەحمەت دەبێت."
عێراق23-07-2026جەمال کۆچەر: وەزیری دارایی عێراق پێی گوتین پارەم نییە؛ عێراق لە دۆخێکی دارایی سەختدایە