رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی سوپای عێراق لە پارێزگای سەلاحەدین دوو داواکراوی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرد.
عەقید حەیدەر محەممەداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و بەدواداچوونی هەواڵگری، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە بەشی هەواڵگری و ئەمنیی فیرقەی 21 پیادە، دوو تیرۆریستیان لە قەزای شەرگات-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیر کرد."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی وەزارەتی بەرگری، تۆمەتبارەکان پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنیان بەپێی مادەی 4ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ دەرچووە و دوای دەستگیرکردنیان، "رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان لەبەرامبەر بگیرێتەبەر."
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی رایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ لەنێوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دادگەوە داواکراون.


