رووداو - دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕیاری دوو ساڵ زیندانیکردنی بۆ پەرلەمانتاری خولی ئێستا حەسەنین قاسم محەممەد خەفاجی دەرکردووە، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی سەرانەوەرگرتن .
دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026 وردەکاریی دۆسیەکەی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، پەرلەمانتار حەسەنین خەفاجی، هەوڵیداوە بڕی 500 هەزار دۆلار لە سکاڵاکارێک بە ناوی (مستەفا فەعل) وەربگرێت، جگە لەوەی داوای کردووە رێژەی 40%ی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "حەورای بەغدا" بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەیەوە بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پەرلەمانتارەکە لە بەرانبەر ئەو بڕە پارە و پشکەدا، بەڵێنی بە سکاڵاکارەکە داوە کە دەستوەردان بکات لە رێکارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاکی بۆ داخستنی دۆسیەیەکی "زیادبوونی سامانی نایاسایی" و لادانی گەمارۆ لەسەر داراییەکانی ئەو کەسە. هەروەها بەڵێنی داوە دەستوەردان لە دەستەی وەبەرهێنانی بەغدا بکات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "جەوهەرەی بەغدا"، لە کاتێکدا هیچ سیفەت و دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ ئەو کارانە نەبووە.
دادگا بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی پشتی بە چەندین بەڵگە بەستووە، لەوانە: دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی ئەنوەر سەباح، تۆمارە دەنگییەکان، گەواهییدانی شایەتحاڵەکان و کۆپییەکی ئەو گرێبەستەی لە نێوانیاندا واژۆ کراوە. دادگا ئەو بەڵگانەی بە "پێویست و قایلکەر" داناوە بۆ سەرکۆنەکردنی تۆمەتبارەکە و بڕیاری دووساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکردووە، ئەوەش پاڵپشت بە ئەحکامەکانی مادەی 452/1 لە یاسای سزادانی عێراقی.
حەسەنین قاسم محەممەد خەفاجی، یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە بەرەبەیانی رۆژی 28ی حوزەیرانی 2026، لە هەڵمەتی بەرەبەیان دەستگیرکرا.
ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی هێزە ئەمنییەکان کە چەندین بەرپرسی تێدا دەستگیرکرا، پەیوەست بوو بە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق.
رۆژی پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای "زیندانیکردنی تووند"ی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ محەممەد کەربوولی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەرکردووە، لەگەڵ پێبژاردنی بڕی 10 ملیۆن دینار؛ ئەوەش دوای ئەوەی سەلمێندراوە کە داوای بەرتیلی کردووە بۆ کارێکی نایاسایی.
محەممەد کەربوولی، ئەویش لە ئۆپەراسیۆنی هەڵمەتی بەرەبەیان دەستگیرکرابوو. بەگوێرەی دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە داوای 50 هەزار دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات لە داخستنی چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە لەسەر سکاڵاکارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بەغدا- کەرخی یەکەم پێکهێنرابوون، تاوەکو ئەو کەسە لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بمێنێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

