رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنیی جیهانیی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کرد، "ئەوپەڕی وریایی" بنوێنن، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی گرژییە ئەمنییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری پەرەسەندنی زیاتر دۆخەکە.
باڵیۆزخانەکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەهۆی هەڵکشانی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخی ئەمنی هێشتا ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو هەیە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، ئاستی وریاییان بەرز بکەنەوە و ئامادەبن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کاتیی کایەی ئاسمانی و پەککەوتن لە جووڵەی گەشتەکاندا. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هەندێک کۆمپانیای فڕۆکەوانی لە ناوچەکەدا دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دواخستووە و هەندێکی دیکەش چەند رێڕەوێکی گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، تەنانەت ئەوانەشی لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، کراونەتە ئامانج. هەروەها هۆشداریی داوە کە رەنگە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی، بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا لە دەرەوە، یان ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاووڵاتییانی ئەمریکاوە هەیە لە سەرتاسەری جیهان، بکەنە ئامانج.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پێویستە ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن، پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردن بۆ ناوچەکە یان تێپەڕبوون بەناویدا بکەن. هەروەها داوا لە گەشتیاران کراوە راستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی خشتەی گەشتەکانیان وەک خۆیەتی و نەگۆڕدراوە.
ئەم هۆشدارییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، 12 شەوە هێزەکانی ئەو وڵاتە هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران، ئێرانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا بۆردوومانی بەشێک لە وڵاتانی کەنداو دەکات، بەم هۆیەوە بەشێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ ناوچەی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە دواخستووە.


