رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق رەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی 7 ملیار دینار وەک شایستەی دارایی بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەمی ساڵی خوێندنی (2025 - 2026)دا کاریان کردووە. رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند: عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە رەزامەندیی داوە لەسەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ستافی سەرپەرشتیار و ستافی کۆنترۆڵکردنی تاقیکردنەوەکان؛ ئەوەش وەک پێزانینێک بۆ ئەو هەوڵانەی لە راپەڕاندنی تاقیکردنەوەکاندا بەپێی بەرزترین پێوەرە کارگێڕییەکان داویانە. نەعیمە حەربی لەفتە، بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتەکە رایگەیاند: ئەو بڕە پارەیە هەریەک لە "پشکنەرانی دەفتەری تاقیکردنەوە، وردبینەکان، دانەرانی وەڵامی نموونەیی، ئەندامانی سەنتەرەکانی پشکنین، پاسەوانەکان و کارمەندانی خزمەتگوزاری" دەگرێتەوە، جگە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی تاقیکردنەوە. بەڕێوەبەری گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان ئاماژەی بەوەش کرد: بڕی پارە تەرخانکراوەکە 7 ملیار دینارە و هەر کاتێک وەزارەتی دارایی پارەکەی خەرج کرد، بەپێی رێکارە کارگێڕی و داراییەکان و لە زووترین کاتدا دابەش دەکرێت.