رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیایەک لە پارێزگای نەجەف بە نووسراوی فەرمی پێشنیاز بۆ پەروەردەی شارەکە دەکات گۆڕ بە قیستی درێژخایەن بە مامۆستایان و کارمەندەکانی بفرۆشێت؛ سەرەتا نووسراوەکە بۆ هەموو قوتابخانەکان نێردرا و دواتر بەهۆی ئەوەی هەرای لەسەر دروست بوو، نووسراوەکە هەڵوەشێندرایەوە. کۆمپانیای ئەندازیاریی روئیا لە 14ی تەمووز نووسراوی ئەو پێشنیازەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەجەف کردووە و تێیدا ئۆفەرەکەی بۆ کڕینی گۆڕ بە قیست روون کردووەتەوە، کە لە گۆڕستانی نموونەیی نەجەف دەبێت. ئەو گۆڕانەی کۆمپانیاکە دیاریی کردووە 25 مەتر دەبێت، کە تێکڕای نرخەکەی دوو ملیۆن و 900 هەزار دینارە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو گۆڕانە بە قیستی درێژخایەن دەدرێتە مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و لە رێگەی بانکێکەوە مانگانە 190 هەزار دینار دەدەن. بڕیار بوو بەگوێرەی نووسراوەکە، لە 15ی ئابەوە داواکاریی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی نەجەف بۆ کڕینی ئەو گۆڕانە بە قیست وەربگیرێت. پەروەردەی شارەکە نووسراوی بۆ قوتابخانەکان کردبوو بۆ ئەوەی هەرکەسێک دەیەوێت سوودمەند بێت لەو پێشنیازە، بەشدار بێت؛ بەڵام دوای ئەوەی نووسراوی کۆمپانیاکە کاردانەوەی لێکەوتەوە، نووسراوەکەی پەروەردەی نەجەفیش هەڵوەشێندرایەوە. چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026، عەممار عەباسی، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی نەجەف بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "لە کاتی ئاراستەکردنی نووسراوەکەی پەروەردە لە دەرەوە بووم و یەکێک لە یاریدەدەرەکانم ئەو نووسراوەی کردووە، بۆیە ئەمڕۆ بە فەرمی هەڵوەشێندراوەتەوە." بەگوێرەی نووسراوی کۆمپانیای ئەندازیاریی روئیا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئەو گۆڕانە بەدەستبهێنن، سەردانی کۆمپانیاکە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو شوێنە دیاری بکەن، کە بۆ گۆڕەکە خوازیارن. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی نەجەف رایگەیاند، بڕیاری ئەوان وایە ئەو هەنگاوە لە رێگەی پەروەردەوە نەنرێت و هەر مامۆستا و کارمەندێک خۆی بیەوێت ئەو گۆڕە بە قیست بکڕێت، دەتوانێت لە دەرەوەی دامەزراوەکە بیکڕێت.
عێراق22-07-2026پەروەردەی عێراق رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی 7 ملیار دینار بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی تاقیکردنەوەکان دا