رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند: لە دەروازەی سنووریی وەلید دەستیان بەسەر چوار تۆن مریشکی سەربڕدراوی تورکیدا گرتووە و لەناویان بردووە، بەوپێیەی لەگەڵ کواڵیتیی عێراقی نەگونجاو بوون.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندن و رێنمایی ڤێتێرنەری رایگەیاند: فەرمانگەی ڤێتێرنەری کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بارێکی مریشکی سەربڕدراوی تورکیی لە کەرەنتینەی ڤێتێرنەریی دەروازەی وەلید لەنێو بردووە، چونکە پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەکان و کواڵیتیی عێراقی بووە.
محەممەد عەزیز مەیاحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری رایگەیاند: نیوەی ماوەی بەسەرچوونی مریشکەکان لە مێژووی بەرهەمهێنانیانەوە تێپەڕیبوو، هەروەها رەزامەندییە فەرمییەکانی هاوردەکردنیشیان تەواو نەبووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بڕە مریشکە بەگوێرەی پێوەری ژمارە (1847)ـی عێراقی تایبەت بە ماوەی بەسەرچوونی ماددە خۆراکییەکان، بە کەڵکی خواردنی مرۆڤ نەدەهاتن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداوی گوت: "هەر ئاژەڵێکی زیندوو هاوردەی عێراق بکرێت دەبێت بە کۆنترۆڵی پزیشکی ڤێتێرنەری تێپەڕ بێت کە لە دەروازەکان جێگیرکراون، ئەگەر ئاژەڵەکە زیندوو بێت، ئەگەر بەستوو بێت سەیری شێوازەکەی دەکرێت ئەگەر تێک نەچووبێت و ماوەکەی بەسەر نەچووبێت و شێوازەکەی هەڵگرتنی ماددە خۆراکییەکە تەندروست بێت، ئەوکات رێگەی پێدەدرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری دەڵێت: بڕیاری لەناوبردنەکە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان بووە و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک دەستەی دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، پۆلیس و نوێنەری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی جێبەجێ کراوە.

