رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتەکەی کار لەسەر دامەزراندنی سندووقی عێراقی - ئەڵمانی بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکان دەکات.
ئەو گوتانەی عەلی فالح زەیدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بووە کە رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، لەگەڵ فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کردی.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا عەلی فالح زەیدی خواستی عێراقی بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانی ئەڵمانیا دەربڕیوە و رایگەیاندووە: کار لەسەر دامەزراندنی سندووقی هاوبەشی عێراقی - ئەڵمانی دەکەن بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازیی عێراق لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە.
عەلی فالح زەیدی رایگەیاندووە: بەردەوامە لە بنبڕکردنی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانیانەوە تاوەکو عێراق ببێتە ژینگەیەکی وەبەرهێنانی کراوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی ئابووری. گوتیشی: "ئەڵمانیا هاوبەشێکی گرنگیی ئابوورییە و بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی عێراق."
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، راوێژکاری ئەڵمانیا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکان دەربڕیوە و بانگهێشتنامەی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی کردووە بۆ ئەوەی سەردانی ئەڵمانیا بکات.


