رووداو دیجیتاڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، هەموارەکانی یاسای خزمەت و خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی تاوتوێ بکرێت بۆ دەنگدان؛ تەمەنی خانەنشینی کەم دەکرێتەوە بۆ 40 ساڵ و دەرماڵەی خۆراک دەخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی، هەروەها ناوی "پۆلیس"یش دەگۆڕدرێت بۆ "کارمەند." چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، لیژنەکە رەشنووسی دووەم هەمواری ئەو یاسایەی پەسندکرد و رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد. شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: پێشتر بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەو هەموارە بۆ لیژنەکە بانگهێشت کراون و رەشنووسەکەش دراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. گرنگترین ئەو هەموارانەی لە یاسای خزمەت و خانەنشینیی کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ دەکرێت، بریتین لە: خانەنشینیی خۆویستی لە 45 ساڵییەوە دەبێتە 40 ساڵ، بەو مەرجەی ماوەی 15 ساڵ خزمەتی کردەیی هەبێت. هەروەها فەرمانگەی فەرماندار لە وەزارەتی ناوخۆ هەڵدەوەشێنرێتەوە کە ئەفسەران لە دوای سزادانیان رەوانەی ئەو فەرمانگەیە دەکران. هەموارەکە بەشێوەیەکە کە دەرماڵەی خۆراک دەخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتیی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، لەبری ئەوەی وەک دەرماڵە بە جیا بدرێتێ، هەروەها ماوەی درێژکردنەوەی خزمەت کرایە یەک ساڵ. شێروان دووبەردانی رایگەیاند: سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەو هەموارە دەخاتە خشتەی کارەوە و دواتر تێبینیی پەرلەمانتارانی لەسەر وەردەگیرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت. لە هەموارەکانی دیکە ئەوەیە کە ئەوانەی بە گرێبەست لە وەزارەتەکە کار دەکەن، لە کاتی "شەهیدبوونیان" وەک کارمەندی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەگەر کارمەندێک بە شەهید هەژمار بکرێت یان تووشی کەمئەندامیی تەواو بێت، پلەکەی دەکرێتە ئەفسەر، هەر کارمەندێک رێژەی کەمئەندامییەکەی گەیشتبێتە 50٪ یان زیاتر، پلەکەی بەرز دەکرێتەوە. هەروەها لە یاساکەدا ناوی "پۆلیس" نامێنێت و لەبری ئەوە "کارمەند" بەکاردەهێنرێت.