رووداو - دیجیتاڵ
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە دوایین رۆژ بوو، ماوەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی بۆ چوونە حەج، بۆ سێ رۆژی دیکە درێژ کرایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ـی تەمووزی 2026، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە درێژکردنەوەی ماوەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی بۆ تیروپشکی حەجی ساڵانی (2027ی تەواوکاری، 2028، 2029 و 2030) بۆ سێ رۆژی دیکە، بەو پێیەش رۆژی شەممەی داهاتوو، 25ـی تەمووزی 2026، دوایین وادە دەبێت بۆ ناونووسین.
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە، دەستەی حەج و عومرەی عێراق روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ ئەو کەسانەی ئارەزووی ناونووسینیان هەیە و لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لینکێکی تایبەت بۆ وەرگرتنی داواکاریی ئەو کەسانە دەکرێتەوە، کە دەیانەوێت بە شێوازی "سەردانی خێزانی" ناویان تۆمار بکەن، بەو مەرجەی هەردوو لایەنەکە پێشتر لە ماوەی دیاریکراودا بە شێوەی ئەلیکترۆنی ناوی خۆیان بۆ تیروپشکەکە تۆمار کردبێت.
رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمارکردووە.
دلێر بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئەوقافی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تەواوکاریی پێشکێشکارانی 2027 بەگوێرەی پارێزگاکان پشکیان دەبێت. گوتیشی: "لە کەرکووک زیاتر لە 600 کەسی دیکە وەردەگیرێن کە دەبنە بەشێک لە پشکی پارێزگاکە، کە کۆی گشتییەکەی 1280 کەسە."
ساڵانە پشکی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ فەریزەی حەج نزیکەی 42 هەزار کەسە، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان پشکی هەرێمی کوردستانە.

