رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیالە دەستگیرکردنی دوو ژنی راگەیاند کە بە هەڕەشەی "ئابڕووبردن لە سۆشیاڵ میدیا"، بڕی 70 ملیۆن دیناریان لە خێزانێک وەرگرتووە. یەکێک لە ژنەکان هاوژینی تۆمەتبارێکە، کە پێشتر بە هەمان تۆمەت دەستگیر کراوە.
هەیسەم شممەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، رۆژی چوارشەممە، 22-07-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیسی مەنسوورییە و نەهێشتنی تاوانی دیالە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری، توانیویانە دوو ژن لە قەزای مەنسوورییە دەستگیر بکەن کە بڕی 70 ملیۆن دیناریان بە هەڕەشە لە خێزانێک سەندووە.
چۆن ئاشکرا بوون؟
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: "10 رۆژ لەمەوبەر پیاوێکمان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی لە خێزانێک کردبوو ئەگەر پارەی نەدەنێ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئابڕوویان دەبات. لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، تۆمەتبارەکە ناوی دوو ژنی هێنا کە هاوبەشی بوون."
تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە، ژنێکی تەمەن 33 ساڵ: هاوژینی تۆمەتبارە سەرەکییەکە و ژنێکی تەمەن 31 ساڵ، کە خوشکی هاوژینی تۆمەتبارەکەیە.
بەگوتەی پۆلیس، ئەم باندە تەنیا یەک خێزانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو هەڕەشەیان لە ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان کردووە و سکاڵای جۆراوجۆریان لەسەر تۆمار کراوە.
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە دەڵێت بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی ئەو کەسانەی لە رێگەی هەڕەشە و سۆشیاڵ میدیاوە پارە لە خەڵک وەردەگرن، داواش لە هاونیشتمانییان دەکات لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی هاوشێوەدا، یەکسەر لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.

