رووداو ديجيتاڵ وەزارەتی ژینگەی عێراق مۆڵەتێکی 10 رۆژی دەداتە ئەو کەسانەی ئاژەڵی دڕندە لە ماڵەکانیاندا بەخێو دەکەن بۆ ئەوەی رادەستی حکومەتی بکەن. وەزارەتەکە هۆشداریدەدات کە دوای تەواوبوونی وادەکە، سەرپێچیکاران رووبەڕووی بەندکردن و پێبژاردن دەبنەوە. ئەو مۆڵەتەی وەزارەتی ژینگەی عێراق لە 18ـی تەممووزەوە دەستی پێکردووە، بەرپرسێکی ئەو وەزارەتە رایگەیاند لە دوای ئەو دەرفەتە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، ئاژەڵەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و خۆشی رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە کە بەندکردن و پێبژاردنە. د. نەجلە وائیلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق رۆژی سێشەممە 21-7-2026 بە رووداوی راگەیاند، لەو رۆژەی کە هۆشدارییەکەیان بڵاو کردووەتەوە، رۆژانە 10 بۆ 15 کەس پەیوەندییان پێوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان رادەست بکەن، کە شێر و مەیموون و ئەو ئاژەڵانەیان هەیە و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگە گوتی: "لە یەکەم رۆژی هۆشدارییەکە، پێنج کەس لە نەینەوا، سێ کەس لە بەغدا و دوو کەس لە دیوانیە پەیوەندییان پێوە کردووین کە لەو جۆرە ئاژەڵانەیان هەیە بۆ رادەستکردن". ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ژینگەی عێراق دوای هەڵاتنی دوو شێر بوو لە باکووری بەغدا، کە بەو هۆیەوە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین لەلایەن تیمەکانی خاچی سەوزی عێراقییەوە بۆ دۆزینەوەیان دەستیپێکرد. د. نەجلە وائیلی رایگەیاند، پێشبینییان نەکردبوو ئەو هەموو کەسە پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ رادەستکردنی ئاژەڵەکانیان، بۆیە بڕیاردراوە کە سەرەتا ناوی ئاژەڵەکە و خاوەنەکەی تۆمار بکەن، تاوەکو دواتر بڕیار بدەن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. وەزارەتی ژینگە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە ئاژەڵانە، پشت بە دوو بڕگەی یاسایی پاراستنی ژینگە دەبەستێت کە بەخێوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان و ئەو ئاژەڵانەی قەدەخە کردووە کە مەترسیی لەناوچوونیان هەیە. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادە دیاریکراوە، هەر کەسێک لەو جۆرە ئاژەڵانەی لێ بێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی سزای پێبژاردن و بەندکردن دەبێتەوە.
عێراق22-07-2026ئەنجامی پۆلی 6ی ئامادەیی لە عێراق و ناوچە کوردستانییەکان؛ 275 قوتابی 100یان بەدەستهێناوە