رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بازرگانیی عێراق کۆتاییهاتنی وەرگرتنی گەنمی بۆ ساڵی 2026 لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگەیاند و گوتی، کۆی گشتیی ئەو گەنمەی لە جووتیاران وەرگیراوە گەیشتووەتە 4 ملیۆن و 800 هەزار تۆن.
مستەفا نزار عانی، وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە گەنمەی وەرنەگیراوە (چ ئەوەی لەنێو پلانی کشتوکاڵیدا بووە یان لە دەرەوەی پلانەکە)، رێگەیان پێدەدرێ لە بازاڕە نێوخۆییەکاندا مامەڵەی پێوە بکرێ و لەنێوان پارێزگاکاندا بگوازرێتەوە.
وەزیری بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەدا، دوای دابینکردنی تەواوی پێداویستیی نێوخۆ و پڕکردنەوەی کۆگەی ستراتیژیی وڵات تاوەکو وەرزی داهاتوو، دەرگەی هەناردەکردن بۆ ئەو بڕە گەنمەی زیادەیە دەکرێتەوە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران، مستەفا نزار عانی دووپاتی کردەوە، وەزارەتەکەی بەردەوامە لە چاودێریکردنی رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران و گوتی: "لە چەند رۆژی داهاتوودا گوژمەیەکی پارەی جووتیاران خەرج دەکرێ، ئەمەش وەک پابەندییەکی وەزارەت بەرامبەر مافی جووتیاران و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ."
لە 12ـی مانگی رابردووەوە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێ و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلانە و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگیرێ.
رۆژی 4ـی تەمموزی 2026، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە ئەو گەنمە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕنەوە کە حکومەتی عێراق وەریناگرێ.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە زیاتر لە 57 هەزار جووتیار سێ ملیۆن دۆنم زەوی هەرێمی کوردستان دەکەنە گەنم.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی: "عێراق مامەڵەیەکی تەندروست و یەکسان لە نێوان جووتیاری ئێمە و جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق ناکات".



