رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات میوانداری بکات. گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، وەزیری نەوت دەیەوێ لەبەردەم نوێنەرانی گەل وردەکاریی رێککەوتنە نوێیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هەنگاوەکانی وەزارەتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بخاتەڕوو. وەزیری نەوتیش دەڵێ، لە سەردانەکەیاندا بۆ واشنتن بە بەهای 200 ملیار دۆلار گرێبەستیان لە بواری وزە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردوە.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق بە فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ چوونە پەرلەمان نیشانداوە و داوای کردووە میوانداری بکرێ، نەوەک تەنیا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران، بەڵکو بۆ خستنەڕووی نەخشەڕێگەی داهاتووی کەرتی وزە لە عێراقدا.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "ئەم هەنگاوە لە باوەڕی پتەوی وەزیرەوە سەرچاوەی گرتووە لەبارەی گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیر دەیەوێ لە رێگەی ئەم میواندارییەوە "پرەنسیپەکانی شەفافیەت بچەسپێنێت و وردەکاریی ئەو سەردانە گرنگەی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون، بۆ پەرلەمانتاران و رای گشتی روون بکاتەوە."
سەبارەت بە کاتی میواندارییەکە، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت گوتی: "تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە".
وەزیری نەوتی عێراق یاوەری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ ئەمریکا کە تێیدا عێراق بە بەهای 200 ملیار دۆلار گرێبەستی لەبواری کەرتی وزە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرد.
باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق شەوی سێشەممە، 21-07-2026،لە هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنانەی لە سەردانی ئەم دواییەماندا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کران، هەنگاوێکی گرنگن بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق، پەیامێکی ئەرێنییە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان کە "ژینگەی وەبەرهێنان لە وڵاتدا بووەتە ژینگەیەکی باش."
بەگوێرەی قسەکانی باسم عەبادی، لەو سەردانەدا 7 رێککەوتنی گرنگ واژۆ کراون، لەوانە:
- لەگەڵ کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرین.
- لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان، بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا/2، لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەکانی ناسریە و بەلەد.
- لەگەڵ کۆمپانیای هالیبێرتن سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تەواوکاریی کێڵگەکانی بن عومەر و سندباد.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنێکیان لەگەڵ لایەنی سووریا واژۆ کردووە سەبارەت بە هێڵی گواستنەوەی نەوتی نێوان حەدیسە و بانیاس؛ گوتیشی: "کۆی گشتی بەهای ئەو گرێبەست و رێککەوتنانەی لە واشنتن لە کەرتی وزەدا واژۆ کراون، دەگاتە نزیکەی 200 ملیار دۆلار."



