رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، کۆی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر حکومەت یەکسانە بە نزیکەی نیوەی داهاتی وڵاتەکە؛ باسیش لەوە دەکات کە حکومەت کار بۆ دامەزراندنی هەژمارێکی نوێی "وزە و گەشەپێدان" دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 22ی تەممووزی 2026، موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەورەترین کێشەی بەردەم بونیاتی ئابووریی عێراق، پشتبەستنی زۆرە بە نەوت و لاوازیی کەرتە بەرهەمهێنەرەکانی دیکە و بەرزبوونەوەی خەرجییە کارگێڕییەکان.
سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، موزهر محەممەد ساڵح گوتی: "حکومەت لە رێگەی بەرنامەکەیەوە کار بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکات، بەتایبەت لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزاری؛ هەروەها چاکسازی لە سیستمی باج، گومرگ و کەرتی بانکی دەستیپێکردووە بۆ ئەوەی ئابووریی عێراق بەرگەی هەر شۆکێکی دەرەکی بگرێ."
سەبارەت بە قەبارەی قەرزەکانی سەر عێراق، راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: "بەپێی دوایین داتا فەرمییەکان، کۆی قەرزی حکومەت نزیکەی 47٪ـی کۆی داهاتی نێوخۆیی وڵات پێکدەهێنێت."
بەگوتەی موزهر محەممەد، قەرزی نێوخۆیی پشکی شێری هەیە، بەڵام قەرزی دەرەکی بەراورد بە ساڵانی سەرەتای دوای 2003 بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گەیشتووەتە "تەنیا 21٪ـی کۆی داهاتی ناوخۆیی."
هەرچەندە موزهر محەممەد دڵنیایی دەدات لەوەی ئێستا عێراق دەتوانێت ئەو قەرزە بەڕێوەببات، بەڵام هۆشداری دەدات کە "دابەزینی نرخی نەوت یان زیادبوونی خەرجییە تەرخانکراوەکان دەبێتە گوشار بۆ سەر بودجەی گشتی."
موزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوە کرد، نەوت هێشتا 88٪ بۆ 90٪ـی داهاتی بودجە پێکدەهێنێت، بۆیە کاردەکەن بۆ "بەدیجیتاڵکردنی سیستمی باج و گومرگ بۆ رێگری لە دزەپێکردن و سپیکردنەوەی پارە."
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد کە ئاراستەیەک هەیە بۆ دامەزراندنی (هەژماری وزە و گەشەپێدان) "ئەمەش لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل بۆ گۆڕینی سەرمایەی نەوتی بۆ پڕۆژەی ژێرخان،" کە بە گوتەی ئەو راوێژکارە، بیرۆکەکە دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن دێت، کە تێیدا 48 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ کران "بۆ بونیاتنانەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا و بوژاندنەوەی ئابووریی عێراق."



