رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەندیکای گشتیی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و نێوەندگیریی عێراق روونکردنەوە لەسەر دەستگیرکردنی تۆڕەکانی قاچاخچێتی دۆلار دەدات و رایدەگەیێنێت، کارە نایاساییەکان لەلایەن گرووپی "تاوانکارەوە" دەکرێن و کۆمپانیا فەرمییەکان لێی بەرپرسیار نین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-07-2026، زیا تائی، سەرۆکی سەندیکای گشتیی ئاڵوگۆڕی دراو و نێوەندگیریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دۆسیانەی باس دەکرێن، پەیوەندییان بە تۆڕە تاوانکارییە لە یاسا دەرچووەکانەوە هەیە. ئەوان بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی دامەزراوە داراییە مۆڵەت پێدراوەکان یان کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ناکەن کە لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراقدان."
رۆژی 19ی ئەم مانگە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، تۆڕێکیان دەستگیرکردووە کە لە رێگەی (ماستەرکارت)ـەوە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری لە نێوان بەغدا و سلێمانی قاچاخ کردووە، ئەوە جگە لە دەستگیرکردنی چەندین گرووپی دیکە لە کەرکووک، بەسرە و نەینەوا.
زیا تائی گوتی: "کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان پابەندی تەواوی جێبەجێکردنی رێنماییەکان و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆرن، هەروەها لەژێر چاودێری و وردبینییەکی بەردەوامدان."
سەبارەت بە بڕیاری کەمکردنەوەی پشکی دۆلاری گەشتیاران لە 3000 دۆلارەوە بۆ 2000 دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، سەرۆکی سەندیکای گشتیی ئاڵوگۆڕی دراو دەڵێت: "ئەم رێکارە بەو واتایە نایەت کە کورتهێنان لە یەدەگی نەختینەی دراوی بیانی هەبێت، بەڵکو لە چوارچێوەی سیاسەتی بانکی ناوەندییە بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی فرۆشتنی دراوی بیانی و هاندانی بەکارهێنانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، بە جۆرێک کە لەگەڵ باشترین پەیڕەوە بانکییە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت."
زیا تائی ئامادەیی کۆمپانیاکانی دەربڕی بۆ هاوکاری لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و رایگەیاند: "کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان پابەندی تەواوی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیین و ئامادەی هەموو جۆرە هاوئاهەنگییەکن لەگەڵ لایەنە چاودێری و ئەمنییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر کارێکی نایاسایی، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ و پارێزگاری لە ئابووریی نیشتمانی."



