رووداو دیجیتاڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی چەند بڕیارێکی لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، خزمەتگوزاری، وزە و گۆڕانکاریی کارگێڕی دەرکرد. ئەنجوومەنەکە بڕی 52.5 ملیار دیناری بۆ رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن تەرخان کرد و سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیش لە پۆستەکەی لادرا. ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 11یەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی جەختی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی کردەوە و رایگەیاند: "هێزە سیاسییەکان پشتیوانیی حکومەت دەکەن و پارێزگاری لە هیچ گەندەڵکارێک ناکەن." گرنگترین بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە ئەمانەن: سزادانی بەرپرسانی گەندەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە وەزیرەکان کرد کە "هەر بریکارێکی وەزارەت یان بەڕێوەبەرێکی گشتی گومانی گەندەڵیی لەسەر بێت، دەستبەجێ لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە؛ هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر وەزیرێک بەرپرسێکی گەندەڵ لە پۆستەکەیدا بهێڵێتەوە، ئەوا وەزیرەکە خۆی بەرپرسیارێتیی یاسایی لە ئەستۆ دەگرێت." تەرخانکردنی بودجە بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا 52.5 ملیار دینار بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و مەزارگە پیرۆزەکان تەرخان بکات، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ زیارەتکاران؛ هەروەها بڕیاردرا 2,400 پاسی گەورە بەکرێ بگیرێن بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە کاتی گەڕانەوەیاندا. گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی دا لەسەر کۆتاییهێنان بە راسپاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و جێگرەکەی؛ هاوکات دەستەی دەستپاکی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لەو سەرپێچییانەی لە راپۆرتی تیمی وردبینیدا لەسەر ئەو بەرپرسانە هاتووە. لە دانیشتنی 19ـی تەممووزی 2026 پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و جێگرانی. 25ـی ئایاری 2025 موحی مورتەزا قەزوینی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی گشتی فیدراڵی و ئەرشەد عەبدولجەبار وەک جێگری دەستبەکار بوون، بێ ئەوەی بە دەنگدانی پەرلەمان تێپەڕن. کەرتی وزە و کارەبا کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) راسپێردرا بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی گازوایل بۆ وەزارەتی کارەبا؛ هەروەها بڕیاردرا سەرجەم موەلیدە تایبەتی و حکومییەکان لە "سەکۆی ناوەندیی موەلیدەکان" لەسەر پۆرتاڵی نیشتمانیی (ئور) تۆمار بکرێن بۆ رێکخستنەوەی کارەکانیان. پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە بەسرە رەزامەندی درا لەسەر گواستنەوەی خاوەندارێتیی یەکە نیشتەجێبوونەکانی (کۆمەڵگەی رەحاب) لە بەسرە بۆ سوودمەندبووان، بەو مەرجەی پارێزگای بەسرە لێکۆڵینەوە بکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ زیانێک بەر سامانی گشتی نەکەوتووە. ژینگە و رێککەوتنی نێودەوڵەتی وەزیری بازرگانی راسپێردرا بۆ واژۆکردنی سێ رێککەوتننامەی هاوکاریی ئابووری، زانستی و کولتووری لەگەڵ تورکمەنستان، سلۆڤێنیا و رۆمانیا. هەروەها وەزیری ژینگە راسپێردرا بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ژینگەیی لە باشووری عێراق کە لەلایەن سندووقی کەشوهەوای سەوزەوە پارەدار دەکرێت.
عێراق21-07-2026وردەکاریی سەردانی نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فراکسیۆنەکان