رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق، دامەزراندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و جێگرانی هەڵوەشاندەوە و حکومەتی عێراقی راسپارد ئیدارەی ئەنجوومەنەکە بداتە بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە.
هیوا مەلائادەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دانیشتنی 19ى تەممووز پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و جێگیرانی.
25ى ئایارى 2025 ، موحی مورتەزا قەزوینى، وەک سەرۆکى ئەنجوومەنى راژەى گشتى فیدراڵى و ئەرشەد عەبدولجەبار وەک جێگرى دەستبەکار بوون بەبێ ئەوەى بە دەنگدانى پەرلەمان تێپەڕن.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە ناڕەزایەتی لەنێو پەرلەمانیش هەبوو، بەڵام هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو بڕگەی زیادکرد و خستییە دەنگدانەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و هەردوو جێگرەکەی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.



