رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا میوانداریی هەردوو وەزیری کارەبا و نەوت بکات بەهۆی کێشەی کەمیی کارەبا. بەگوتەی ئەندامێکی پەرلەمان بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەو میواندارییە بکرێت.
یەکشەممە 19ی تەمووزی 2026، پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا میوانداریی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبا و باسم خزەیر عەبادی، وەزیری نەوت بکرێت.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: میوانداریکردنی ئەو دوو وەزیرە بۆ باسکردنی کەمیی کارەبا و کێشەى کەمى گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
داواکاریی بانگهێشتکردنی ئەو دوو وەزیرە لەسەر داوای غەیس کلابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و پەرلەمانتاری زۆربەی فراکسیۆنەکان واژۆیان لەسەر داواکارییەکە کردووە.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، ئەگەری زۆرە لە دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمان میوانداریی ئەو دوو وەزیرە بکرێت، بەوپێیەی هەفتەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان نییە.
ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دوو دانیشتنی هەیە کە لە رۆژانی سێشەممە 21ی تەممووز و پێنجشەممە 23ی تەممووز ئەنجام دەدرێن.
ئێستا عێراق پێویستیی بە زیاتر لە 50 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، لەکاتێکدا بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی گازی ئێران و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە ناوخۆ، بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکان نیوەی پێویستیی هاووڵاتییانە.

