رووداو دیجیتاڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکیان دەستگیرکردووە کە لەنێوان بەغدا و سلێمانی کاری بەقاچاخبردنی پارەیان لەڕێی کارتی بانکییەوە کردووە، تۆڕێکی دیکەشیان لە کەرکووک دەستگیرکردووە کە پارەیان بە قاچاخ بردووەتە دەرەوەی عێراق. یەکشەممە 19ی تەممووزی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری، یەکەیەکیان لە پارێزگای دیالە دوو ئەندامی تۆڕێکیان دەستگیر کردووە کە پارەیان بە قاچاخ لەنێوان بەغدا و سلێمانی بردووە. ئەرشەد حاکم رایگەیاند، ئەو تۆڕە پارەیان لە رێگەی ماستەرکارد بەقاچاخ بردووە و چەند ئامێرێکی پارەدانی ئەلیکترۆنی (POS) و چەندین کارتی بانکییان پێگیراوە کە ویستوویانە بەقاچاخ بیانبەن. بەگوێرەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق، گواستنەوەی پارە لەڕێی کارتی بانکی بۆ دەرەوە قەدەخەیە و بە شێوازێکی بەقاچاخبردنی دۆلار هەژمار دەکرێت. گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، شەش ئەندامی تۆڕێکی دیکەیان لە کەرکووک دەستگیرکردووە کە 251 کارتی بانکى کۆمپانیای ماستەرکارد و 252 سیمکارتی پەیوەندییان پێبووە کە بۆ بەقاچاخبردنی دراوی بیانی بۆ دەرەوەی عێراق بەکاریان هێناوە.