ژمارەیەک لە ئەندامانی (یەکێتی قەڵەوەکان) لە عێراق لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان کرد. ئەوان دەڵێن بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووەتە هۆی گرانبوونی گۆشت و هێلکە لە بازاڕەکاندا و داوای رێکاری بەپەلە دەکەن. شەوی پێنچشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی2026، ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکێتیی قەڵەوەکانی عێراق لە ناوەڕاستی بەغدا لە گۆڕەپانی تەحریر گردبوونەوە و نارەزایەتییان بەرامبەر دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دەربڕی، کە بە گوتەی ئەوان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بژێویی خەڵک هەبووە. لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، رەسول ئەبو قووزی، بە ناوی هەموو قەڵەوەکانی عێراقەوە قسەی کرد و گوتی: "لە دوای ئەوەی نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا گەیشتە 180 هەزار دینار، گەلی عێراقی هەژار و داماو تووشی گرفت بوون. ئێستا کیلۆیەک گۆشت بووەتە 30 هەزار دینار و تەبەقێک هێلکەش گەیشتووەتە 10 هەزار دینار. ئەمە بۆچی؟ ئێمەی قەڵەوەکان کێمان هەیە؟" خۆپێشاندەران بە تووندی سەرکۆنەی بڕیارەکانی وەزارەتی داراییان کرد و بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلاریان بە "نادادپەروەرانە" وەسف کرد. رەسول دەڵێت: "بەڕێز وەزیری دارایی، سەرکۆنەی ئەم بڕیارە دەکەین و رەتی دەکەینەوە، ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە دەرهەق بە گەلی عێراقی هەژار، چونکە خەڵکەکەی هەژارە". قەڵەوەکان داوایان کرد، دەبێ حکومەت نرخەکان دابەزێنێتەوە و درووشمی ئەوەیان دەگوتەوە: "نەخێر بۆ بەرزبوونەوەی دۆلار و گەیشتنی بە 180 هەزار، و بەڵێ بۆ گەڕانەوەی بۆ 120 هەزار دینار." رۆژی پێنجشەممە، 8ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازی لێکرا. مەبەست لە سەردانەکە روونکردنەوەی هۆکارەکانی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بوو بۆ 1500 دینار. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارەکەیدا گوتی: "هەندێک لە نرخی دینار خۆیان دەدزنەوە کە بەهاکەی لە 1320 بۆ 1520 بەرزکراوەتەوە؛ ئەمە تەنیا بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی منە، ئەگەر نەرێنی بێت من قورساییەکەی هەڵدەگرم، ئەگەر ئەرێنیش بوو ئەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانە کە دەنگی پێداوە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی کە گومانیان لەبارەیەوە هەبوو، کەس هەقی بەسەر دابەزینی بەهای دینارەوە نییە، ئەمە تەنیا بەرپرسیارێتیی منە". بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 6ی تشرینی یەکەم دەرچووە، نرخەکان بەم شێوەیە دەبن: - رێژەی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار. - رێژەی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار. - رێژەی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بەپێی مادەی 56ی یاسای بانکی ناوەندیی عێراق، گۆڕینی نرخی دراو تەنیا لە دەسەڵاتی بانکەکەدایە، بەڵام ئەمجارە ئەنجوومەنی وەزیران راستەوخۆ بڕیارەکەی داوە.