رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق راسپاردەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەسەند کرد بۆ دوورخستنەوەی سێ بەرپرسی وەزارەتی بەرگری بەهۆی رووداوی کوژرانی ماسیگرێک لە ئاوی هاوبەشی عێراق و کوێت. داواشی لە وەزارەتى بەگرى کرد، لیژنەى لێکۆڵینەوە بۆ زانینى وردەکاریى رووداوەکە پێکبهێنێت و ئەو بەلەمانەى ماسیگرە عێراقیەکانیش بگەڕێنرێنەوە کە پێشتر لەلایەن کوێتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
یەکشەممە، 19ی تەمووزی 2026، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و یەکێک لە بڕگەکان تاوتوێکردنی راپۆرتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری بوو لەبارەی کوژرانی نەجم تەیمی، ماسیگری خەڵکی شاری بەسرە و بریندارکردنی ماسیگرێکی دیکە لەلایەن پاسەوانی دەریایی کوێتەوە لە 4ی تەممووز.
پەرلەمان بە دەنگدان راسپاردەکەی پەسەند کرد، تێیدا داوای دوورخستنەوەی مازن عەبدولواحید کیبان، فەرماندەی هێزی دەریایی، وائیل عەبدولموحسین، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان و لەیس عەبدولستار، فەرماندەی بنکەی ئوم قەسری یەکی دەریایی کرابوو.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەو نووسراوە لە پەرلەمانەوە ئاراستەی ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ تەواو کردنى رێکارەکان و گوتیشی: "لادانی ئەو کەسانە بە بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەبێ."
بەگوێرەی راسپاردەکە، داوا لە وەزارەتی بەرگری کراوە کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکات بۆ دیاریکردنی ئەوانەی لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون و ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکبهێنێت و پەرلەمان لە ئەنجامەکەی ئاگادار بکرێتەوە.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو راسپاردەیە وایە کە ئەو بەرپرسانە بە شێوەیەکی کاتی دوور دەخرێنەوە تاوەکو وەزارەتی بەرگری لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە پێکدەهێنێت.
چوار ماسیگرى دیکە لەگەڵ نەجم تەمیمى بوون لە هەمان بەلەمەدا کە تەقەیان لێکرا و لەلایەن پاسەوانى دەریایی کوێتەوە دەستگیرکران، رۆژى 9ى تەمووز لەگەڵ تەرمى ماسیگرەکە رادەستى عێراق کرانەوە.
هەروەها یەکێک لە راسپاردەکانی دیکە ئەوە بوو کە پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ ئەوەی ئەو ماسیگرە عێراقییانەی دیکەش ئازاد بکرێن کە لە کوێت دەستگیر کراون و ئێستا لەو وڵاتە دادگایی کراون و قەرەبوو بکرێنەوە و ئەو بەلەمانەى ماسیگرە عێراقیەکان بگەرێنرێنەوە کە پێشتر لە کوێت دەستیان بەسەردا گیراوە.
لە کۆتایی راسپاردەکاندا هاتووە، پێویستە حکومەت بە جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە پابەند بکرێت.

