رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی عەرعەر رێگری لە بەهەدەردانی 265 ملیۆن دینار لە سامانی گشتی کرا، کە بەهۆی گۆڕینی پێناسی گومرگیی دوو باری پاترییەوە روویدابوو.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی عەرعەر لە خاڵی پشکنین و گەڕان دەستیان بەسەر دوو بارهەڵگردا گرتووە کە پاترییان تێدابووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لیژنەی پشکنین لە دەرەوەی ناوچەی گومرگی، بارەکەیان وەک "پاتری وزەی خۆر" ناساندووە و مۆری گومرگییان لێداوە، بەڵام دوای دووبارە پشکنینەوە دەرکەوتووە کە جۆری بارەکە و پێناسی گومرگییەکەی بە شێوەیەکی نایاسایی گۆڕدراوە تاوەکو باجی گومرگییەکەی کەم بکرێتەوە.
دەستەی دەروازە سنوورییەکان ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم فێڵە گومرگییە دەبووە هۆی بەهەدەردانی 265 ملیۆن دینار لە سامانی گشتی.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: دوای پەیوەندیکردن بە دادوەری لێکۆڵینەوەی روتبەی پارێزگای ئەنبار، هەردوو بارەکە رەوانە کراون بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە لەو کارەدا کەمتەرخەم بوون یان دەستیان هەبووە.
دەروازەی سنووریی عەرعەر، دەکەوێتە سەر سنووری نێوان عێراق و سعوودیە.
ئەم دەروازەیە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە بۆ گەشتکردنی حاجیان، گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەکار دێت.

