رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، لە هەڵمەتێکی گەورەدا لە سەرجەم پارێزگاکان، 63 جادووگەری بە تۆمەتی فێڵکردن، ساختەکاری و سەرانە وەرگرتن دەستگیر کردووە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (8ی تشرینی یەکەمی 2026) بە رووداوی راگەیاند: "دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوونی مەیدانی، تیمەکان توانیویانە 63 تۆمەتبار دەستگیر بکەن و دەستیش بەسەر چەندین کەرەستە و بەڵگەدا بگرن کە لە کاری جادوویی بەکاریان هێناون."
ئەرشەد حاکم راشیگەیاند: "ئەم هەڵمەتە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ بنبڕکردنی ئەو کارانەی کە هاووڵاتییان دەچەوسێننەوە و مەترسی بۆ سەر سەقامگیریی خێزانەکان دروست دەکەن، ئۆپەراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر ئەنجامدراوە".
ئەرشەد حاکم دەڵێت: "لە ساتەوەختی هەڵکوتانە سەر ماڵی چەند ژنێک کە جادووگەرییان کردووە؛ لە کاتی جادووکردن بۆ ژنێک دەستگیرکراون و چەندین بەڵگە و کاخەز و چەکیشیان پێگیراوە و توانراوە لە رێگەی ئەوانەوە تۆڕی دیکەی ساختەکاری و جادوو بدۆزرێنەوە".
بە گوتەی گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بەوەدا ناوە کە بەناوی جادووگەرییەوە فێڵیان لە خەڵک کردووە و بۆ مەبەستی دارایی، هەڕەشەیان لە چەندین هاووڵاتی کردووە و پارەیان لێسەندوون. ئێستا تەواوی تۆمەتبارەکان رەوانەی دادگە کراون تاوەکو بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.


