رووداو دیجیتاڵ دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا، دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند کە مۆری دادگەکانی باری کەسی و مۆری چەند دادوەرێکیان ساختە کردبوو و بۆ مەبەستی نایاسایی بەکاریان دەهێنا. رۆژی یەکشەممە، 19ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق رایگەیاند، دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رەسافە، تیمێکی کار بۆ چاودێریکردنی چەند کەسێک پێکهێنرا کە لە نزیک باڵەخانەی دادگەی (شەعب) لە بەغدا مۆری دادگە و دادوەرانیان ساختە دەکرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی دەسەڵاتی دادوەریی، دادوەرێکی پسپۆڕ لە دادگەی لێکۆڵینەوەی رەسافە گوتوویەتی: "تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی مەبەست و توانییان چوار تۆمەتبار لە کاتی تاوانەکەدا دەستگیر بکەن و دەست بەسەر مۆرە ساختەکاندا بگرن." دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارەکان لە بەردەم دادوەردا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و گوتوویانە کە ئەو مۆرە ساختانەیان بۆ دەرهێنانی "گرێبەستی هاوژینیی نایاسایی" بەکارهێناوە. هەر لەسەر ئەو دۆسیەیە، دادگە گوتەی شایەتحاڵەکانی تۆمار کردووە و فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنینی بۆ چەند کەسێکی دیکە دەرکردووە کە لەو کارە ساختەکارییەدا تێوەگلاون.