رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ژینگەی عێراق، ئاگاداری و هۆشداریی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە ئاژەڵی دڕندە، کێوی و ئەو جۆرە ئاژەڵانەی مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، بەخێویان دەکەن. دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا ئاژەڵەکانیان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار بکەن.
ئەو ئاگادارکردنەوەیە دوای ئەوە دێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵی بەڕەڵڵابوونی دوو شێر لە بەغدای پایتەخت بڵاوبووەوە.
نەجلە وائیلی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق، رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵک ئێستا لە ماڵ و باخەکانیاندا ئاژەڵی جیاوازی کێوی و دڕندە بەخێو دەکەن، بەڵام کاتێک گەورە دەبن، نازانن چۆن بەخێویان بکەن، بۆیە زۆرجار لە ماڵ و باخەکان رادەکەن، ئەوەش مەترسیی راستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵک دروست دەکات، چونکە ئەمانە دڕندەن و رەنگە هێرش بکەنە سەر خەڵک، ئەوەش ترس و نیگەرانیی لای خەڵک دروست کردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەکنیکی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەم دواییانەدا چەند ئاژەڵێک وەک شێر و پڵنگ لەدەست خاوەنەکانیان رایانکردووە و مەترسییان بۆ سەر خەڵک دروست کردووە، بۆیە پێویستە هەموو ئەو جۆرە ئاژەڵانە کۆبکرێنەوە و لە دەستی خەڵکی ئاسایی نەبن و لەو سۆنگەیەوە وەزارەتی ژینگە ئەو بڕیارەی داوە. هەروەها یاسا و رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەن کە رێگرن لەو کارە و پێویستە عێراق پێیانەوە پابەند بێت.
شەوی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی ژینگەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، پاڵپشت بە مادەی 18ـی یاسای پاراستن و باشکردنی ژینگە ژمارە 27ـی ساڵی 2009 و یاسای پەیوەستبوونی عێراق بە رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی "سایتس" ژمارە 29ـی ساڵی 2012، راوکردن، هەبوون و بازرگانیکردن بەو جۆرە ئاژەڵانە قەدەخەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی دیاردەی بەخێوکردنی ئاژەڵی دڕندە و کێوی کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هاوسەنگیی ژینگەیی، وەزارەتی ژینگە ئاگاداریی کۆتایی دەداتە هەموو ئەوانەی ئەو ئاژەڵانەیان لایە کە بەگوێرەی یاسا راوکردن و هەبوونیان قەدەخە کراوە.
وەزارەتی ژینگە، داوا دەکات لە ماوەی 10 رۆژدا لە رێککەوتی دەرچوونی ئاگادارییەکەوە، ئاژەڵەکان رادەستی وەزارەت یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگە لە پارێزگاکان بکرێن.
وەزارەتەکە رایگەیاند: "دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر و ئاژەڵەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت؛ هەروەها خاوەنەکانیان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان رەوانەی دادگە دەکرێن، چونکە ئەمە بە تاوانێکی مەترسیداری ژینگەیی هەژمار دەکرێت کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییان دەکات."



