رووداو دیجیتاڵ
دوو ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) چڕ دەکەنەوە و پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای پێنجقۆڵی دەکەن. پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، "کۆڕەک 5 بۆ 7 ملیۆن بەشداربووی هەیە و دەبێت کێشەکەی چارەسەر بکرێت."
هەریەک لە موسەننا عەزاوی، پەرلەمانتاری عەرەبی سوننە و عەلی شێخ خالس، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق، پێکەوە کار بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک دەکەن بۆ ئەو کێشەیەی ماوەیەکی درێژە خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆمی لە شارەکانی عێراق پەک خستووە.
موسەننا عەزاوی، رۆژی شەممە، 18ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن ئێستا بە یاوەریی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکایە و دوای گەڕانەوەیان، لیژنەکەمان میوانداریی دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی کۆمپانیای کۆڕەک."
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت نابێت دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە و گوتی، "جیا لە دەستەکە، میوانداریی کۆمپانیای کۆڕەکیش دەکەین بۆ ئەوەی گوێ لە هەردوولا بگرین." عەزاوی پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی پێنجقۆڵی دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکە، کە لەم لایەنانە پێکبێت: سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، وەزیری گەیاندن، دەستەی دەستپاکی، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمان و نوێنەری کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم
هەروەها عەلی شێخ خالس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026 بە رووداوی راگەیاند، "کۆڕەک تیلیکۆم کۆمپانیایەکی دێرینە و خزمەتێکی زۆری بە هەرێمی کوردستان و عێراق گەیاندووە؛ ئەم کۆمپانیایە 5 بۆ 7 ملیۆن بەشداربووی هەیە و پێویستە چارەنووسیان یەکلایی بکرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە سوودی دارایی بۆ حکومەتی عێراقیش دەبێت و دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە رێککەوتن.
ماوەیەکی درێژە بەهۆی کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوان دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی ئەو کۆمپانیایە لە شارەکانی عێراق راگیراون، هەروەها بەشداربووانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان ناتوانن پەیوەندی بە تۆڕەکانی دیکەوە بکەن.



.jpg&w=3840&q=75)