رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە واشنتن سەرپەرشتیی واژۆکردنی 48 رێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد؛ هاوکات گەورە بانکی "جی پی مۆرگان" بڕیاری داوە لقێکی خۆی لە عێراق بکاتەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی 17ی تەممووز نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەو رێککەوتنانە کەرتەکانی نەوت، وزە، تەکنەلۆژیا، کشتوکاڵ و دەرمانسازی لەخۆدەگرن. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەم هەنگاوە "رێڕەوێکی روون بۆ هاوئاهەنگیی ئابووری و دارایی نێوان هەردوو وڵات دادەمەزرێنێت و پەیوەندییەکان دەگوازێتەوە بۆ ئاستێکی پێشکەوتوو."
کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەگەڕێنەوە عێراق
رێککەوتنەکان لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەتی هەردوو وڵاتدا بوون. گرنگترین ئەو کۆمپانیایانەی لەم رێککەوتنانەدا بەشداربوون بریتی بوون لە: (ئێکسۆن مۆبیل، کەی بی ئاڕ، جی ئی ڤێرنۆڤا، شێڵ و هالیبێرتۆن).
هەروەها یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای "ستارلینک" بۆ خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و کۆمپانیای "پێپسیکۆ" واژۆ کراوە.
رێککەوتنە واژۆکراوەکان لەنێوان هەردوولادا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان کۆمپانیای کایسایت بۆ تەکنەلۆژیا و کەرتی تایبەتی عێراقی، هەروەها کۆمپانیای پێپسیکۆ و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەیان لەخۆگرتبوو، کە پەیوەست بوو بە راکێشانی هێڵی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست؛ لەگەڵ رێککەوتنەکانی هاوبەشی لە بواری پەروەردە و رێککەوتنی نێوان کەرتی تایبەت لە بواری دابینکردن و دروستکردنی دەرماندا.
رێککەوتن و یاداشتەکان هاوئاهەنگییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەی بی ئاڕ (KBR) و یو ئۆ پی (UOP)؛ هەروەها کۆمپانیای پۆلاریس، کۆمەڵەی ئەندازیارانی وزە (AEE) و کۆمپانیای پی پی تی ئەی (PPTA) کە پێشەنگە لە بواری تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان، لەخۆگرتبوو؛ لەگەڵ دوو رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای فریتۆ لای بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکانی بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی.
هاتنی "جی پی مۆرگان" بۆ عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی بانکی "جی پی مۆرگان" (J.P. Morgan) کۆبووەوە. هەردوولا رێککەوتن لەسەر کردنەوەی لقی ئەو بانکە جیهانییە لە عێراق، کە ئامانجی سەرەکیی دابینکردنی پاڵپشتیی داراییە بۆ ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق جێبەجێی دەکەن.
هەروەها لەگەڵ کۆمپانیای "ئێکسێلێرێت ئینێرجی" رێککەوتن کرا بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی سەکۆی سەرئاوکەوتووی گاز لە ناوچەی "خۆر زوبێر".
چاکسازیی ئابووری و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی
لە پەراوێزی سەردانەکەیدا، عەلی فالح زەیدی لەگەڵ کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) کۆبووەوە. زەیدی رایگەیاند کە حکومەتەکەی رژدە لەسەر چاکسازیی دارایی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت. لای خۆشییەوە جۆرجێڤا پشتیوانیی تەواوی سندووقەکەی بۆ هەنگاوەکانی بەغدا دووپاتکردەوە.
وەبەرهێنان لە "رێگەی گەشەپێدان"
لە دیدارێکدا لەگەڵ کریستۆفەر رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کرد بۆ وەبەرهێنان لە "شاری وزە" لە نیمچە دوورگەی فاو، کە بەشێکی گرنگە لە پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان."
هەروەها زنجیرە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی (گوگڵ، جی ئی ڤێرنۆڤا، HKN و ڤانتیڤ) بەڕێوەچوو، بە مەبەستی گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەردەم و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ لە وڵاتەکەدا.

.jpg&w=3840&q=75)

