رووداو دیجیتاڵ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە لەگەڵ گەڕانەوەی لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، لیژنەیەکی تەکنیکیی هاوبەش پێکبهێنێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا بۆ قۆناخی دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە دوای 30ی ئەیلوول. بەگوێرەی حکومەتی عێراق، 30ی ئەیلوولی ئەم ساڵ ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق کۆتایی دێت و هێزە شەڕکەرەکانیان خاکی عێراق بەجێدەهێڵن. سەباح نوعمان راگەیاند، بۆ قۆناخی داهاتوو زیاتر گرنگی بە بەهێزکردن و پەرەپێدانی توانای تەکنیکی و تەکنەلۆژی و ئەمنییەکان دەدرێت، بەتایبەت ئاسایشی ئەلیکترۆنیی هێزە چەکدارەکان. عەلی فالح زەیدری، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 13ی تەمووزەوە بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکایە؛ یەکێک لەو پرسانەی لەوێ تاوتوێی دەکات، بەرزکردنەوەی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق و پرسی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانانە لە عێراق. گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیاند، ئەو سەردانەی کە سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا کردوویەتی، ئامانجە ستراتیژییەکانی بەدەستهێناوە لەبارەی پیشاندانی دڵنیایی بۆ هاوکاریکردنی ئەمریکا لەو هەنگاوانەی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هێزە ئەمنییەکان دەینێت.
عێراق15-07-2026بانکی ناوەندیی عێراق دەستپێشخەرییەکی 1.2 تریلیۆن دیناری بۆ کەرتی ڤێتێرنەری و خوێندن راگەیاند