رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بەناوی خزمایەتی لەگەڵ فەرمانبەرێکی دەزگایەکی چاودێری، داوای 20 هەزار دۆلاری لە هاووڵاتییەک کردووە لە بەرامبەر "بەڵێنی درۆ" بۆ داخستنی دۆسیەیەکی یاسایی.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەربەلا سەر بە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان توانیویانە بۆسە بۆ تۆمەتبارەکە دابنێن و لە کاتی وەرگرتنی بڕی بیست هەزار دۆلاردا دەستگیری بکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستپاکی، تۆمەتبارەکە داوای ئەو پارەیەی لە کەسێک کردووە کە پێشتر لەسەر دۆسیەیەک بە کەفالەت ئازاد کرابوو؛ تۆمەتبارەکە بەڵێنی پێدابوو کە لەڕێگەی "خزمایەتیی لەگەڵ فەرمانبەرێکی چاودێریی" وای لێدەکات بە تەواوی لە دۆسیەکە رزگاری بێت و ئازاد بکرێت، بەڵام دەرکەوتووە کە بەڵێنەکەی تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندن و وەرگرتنی پارە بووە.
لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلی تۆمەتبارەکەدا، دەست بەسەر چەندین گرێبەستی کشتوکاڵی و مامەڵەی زەویوزاردا گیراوە. گوتەی تۆمەتبارەکە وەرگیراوە و رەوانەی لای دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە بۆ ئەوەی سزای یاسایی بەسەردا بسەپێندرێت.



.jpeg&w=3840&q=75)