رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای شەرگاتی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەڕێوەبەری ژمێریاریی پاڵاوگەی بێجی و دەستیان بەسەر 23 ملیار دیناردا گرت؛ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵییەکانی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزێکی گەورەی ئەمنی هاوبەش لە هێزە تایبەتەکان و دەستەی دەستپاکی عێراق، قەزای شەرگاتیان گەمارۆدا و هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەڕێوەبەری ژمێریاریی پاڵاوگەی بێجی."
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوە کرد، لەنێو ماڵی ئەو بەرپرسەدا دەست بەسەر 23 ملیار دیناردا گیراوە. گوتیشی، "ئەو بەڕێوەبەرە یەکێکە لەو کەسانەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، لە دانپێدانانەکانیدا ناوی هێناوە و بە تێوەگلان لە دۆسیەکانی گەندەڵی تۆمەتباری کردووە."
سەرچاوەکە گوتیشی، "هێزە ئەمنییەکان و دەستەی دەستپاکی لە بەرە بەیانەوە بەنێو هەردوو قەزای بێجی و شەرگات بڵاوەیان پێکرابوو."
ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو، حەمەد جومەیلی لە قەزای شەرگات لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین دەستگیر کرا، کە ئەویش تۆمەتبارە بە هەمان دۆسیەی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلی.
بەرپرسێکی دیکە لە پارێزگای سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، لەکاتی دەستگیرکردنی حەمەد جومەیلی-دا، دەست بەسەر بڕی زیاتر لە سێ ملیار دیناردا گیراوە.
دۆسیەی گەورەی گەندەڵیی کەرتی نەوت لە 30ـی ئایاری ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، کاتێک عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بە تۆمەتی گەندەڵی لە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکان دەستگیر کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، عەدنان جومەیلی لە دوای دەستگیرکردنی، ناوی 128 کەسی درکاندووە کە لە دۆسیەکاندا بەشدار بوون؛ لە ئەنجامی ئەو دانپێدانانەشدا تاوەکو ئێستا ژمارەیەک پەرلەمانتار و پارێزگارێکی پێشووتری سەڵاحەدین دەستگیر کراون.



