ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە دەڵێ، بەهۆی ئەوەی زۆربەی پرۆژەکان بە شێوەی گرێبەستی راستەوخۆ کراون نەک تەندەرین، بڕێکی زۆر پارەی گشتی بەهەدەر دراوە. دەشڵێت: "تەنیا لە 270 پرۆژەدا، دەکرا 100 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە." جەعفەر سادق مووسەوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، رۆژی سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "دۆسیەکانی گەندەڵی لە پارێزگای دیوانییە پێویستیان بە لێپرسینەوە هەیە، بەتایبەت لە کەیسی پرۆژەکاندا کە تێبینیی زۆرمان لەسەر رێکارە یاساییەکان بەدی کردووە." بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا، زۆربەی پرۆژەکان کراونەتە گرێبەستی راستەوخۆ بێ ئەوەی بکرێنە تەندەرین. سادق مووسەوی گوتی: "شێوازی تەندەرین وا دەکات کۆمپانیاکان بکەونە کێبڕکێ و نرخەکان دابەزن، بەوەش رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگیرێت، بەڵام پارێزگار نووسراوی چەندین کۆمپانیای پشتگوێ خستووە کە ئامادە بوون 5%ـی نرخەکان دابشکێنن." جەعفەر سادق مووسەوی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پرۆژانەی لە ساڵەکانی 2024، 2025 و 2026 پلانیان بۆ دانراوە نزیکەی 270 پرۆژەن و تێچووەکەیان دەگاتە یەک ترلیۆن دینار. ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئەم پرۆژانە بخرانایەتە کێبڕکێی تەندەرینەوە و کۆمپانیاکان تەنیا 10% نرخەکەیان دابشکاندایە، ئەوا 100 ملیار دینار بۆ پارێزگاکە دەگەڕایەوە." نموونەیەک لە "بەهەدەردانی پارە" ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنەکە، نموونەی بە پرۆژەی دروستکردنی پردی گەڕەکی (فورات) هێنایەوە (تەندەری ژمارە 74ـی ساڵی 2024) و گوتی: "پرۆژەکە بە بانگهێشتی راستەوخۆ درابوو بە کۆمپانیایەک بە ملیارێک و 868 ملیۆن دینار. دوای ئەوەی ئێمە وردبینیمان تێدا کرد و پرۆژەکەمان خستەوە کێبڕکێی تەندەرین، کۆمەڵێک کۆمپانیا هاتنە پێشەوە و گوتیان لە ٪20 ـی نرخەکە کەمدەکەینەوە لە کۆی نرخی خەمڵێندراو، هەمان ئەو کۆمپانیایەی پێشتر بەو پارە خەیاڵییە وەریگرتبوو، هاتەوە پێش و بە ملیارێک و 464 ملیۆن دینار گرێبەستی لەگەڵ کرا." بە گوتەی مووسەوی، "تەنیا لەو پرۆژەیەدا، 373 ملیۆن دینار بۆ پارێزگاکە گەڕاوەتەوە."