رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بە تۆمەتی گەندەڵی لە گرێبەستێکی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەلوپەل بۆ نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی، چەند ئەفسەرێکی پلەباڵا و 5 ئەندازیاری لە وەزارەتی بەرگری دەستگیر کردووە، کە تێچووی گرێبەستەکەیان بە شێوەیەکی نایاسایی بەرز کردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14-07-2026 دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمە مەیدانییەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، توانیویانە فەرمانی دەستگیرکردنی چەند ئەفسەرێکی باڵا جێبەجێ بکەن کە لیوا، عەمید و عەقیدن لەگەڵ 5 ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئامێرەکانی سەربازی.
دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە سەربازییانە دوای ئەوە دێت کە گومان لە بوونی گەندەڵی هەبوو لە گرێبەستی گەشەپێدان، نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەلوپەل بۆ نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی لە ناوچەی رووستەمییە لە باشووری بەغدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕی گرێبەستەکە زیاتر لە 92 ملیار دینار بووە و لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی واژۆ کراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە سەرپێچیی گەورە لە کارەکەدا کراوە؛ لەوانە پێدانی گرێبەستەکە بە شێوەی ''راستەوخۆ'' و بەبێ کێبڕکێ، هەروەها زیادەڕۆییەکی زۆر لە نرخەکاندا کراوە و چەندین جار دەستکاریی تێچووی خەمڵێندراو کراوە، بۆ ئەوەی بڕی پارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی مادەی 340ـی یاسای سزادانی عێراقی کراوە و تۆمەتباران لەگەڵ سەرجەم بەڵگەنامەکان رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون، بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.



