رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، سەردانەکە "تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە" بۆ ئایندەی سیاسیی خۆی و پەیوەندییەکانی عێراق.
د. محەممەد ئیحسان، مامۆستا کی زانکۆ دەڵێت، ئەمریکا دەیەوێت عەلی زەیدی لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت و بیکاتە هاوبەشێکی ستراتیژی، بەڵام بۆ ئەمەش پێویستە سەرۆکوەزیران رووبەڕووی گەندەڵی و میلیشیاکان ببێتەوە، کە وەک "شەڕێکی قورس" وەسف دەکرێت.
د. محەممەد ئیحسان، سیاسەتڤان و مامۆستای زانکۆ، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "ئەم سەردانە بۆ ئایندەی خودی سەرۆکوەزیران زۆر گرنگە. ئەمریکا دەیەوێت بزانێت تاوەکو چەند دەتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ رێکخستنەوەی سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا."
بە گوتەی د. محەممەد ئیحسان، واشنتن سێ داواکاریی سەرەکی لە بەغدا هەیە: کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی، سنووردارکردنی دەسەڵاتی میلیشیاکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.
د. محەممەد ئیحسان ئەو هەنگاوانەی زەیدی تاوەکو ئێستا بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناویەتی بە "باش" ناو دەبات و دەڵێت: "کاتێک تۆ رووبەڕووی گەندەڵی دەبیتەوە، ناتوانیت مشکەکە بکوژیت و شێرەکە بەجێبهێڵیت. پێویستە هەڵمەتەکە فراوانتر بکرێت و گەورەترین سەرچاوەکانی گەندەڵی وشک بکرێن."
گەندەڵی لە عێراقدا پرسێکی هێندە ئاڵۆز و ریشەدارە لەدوای ساڵی 2003ـەوە بووەتە بەشێک لە سیستمی سیاسی. د. محەممەد ئیحسان دەڵێت: "گەورەترین ناونیشانی ئەو سیستمە سیاسییەی دوای 2003 دروست بوو، گەندەڵی و وێرانکردنی ئابووریی عێراق بوو." ئەو پێیوایە کە شەڕی دژی گەندەڵی، شەڕێکی ئاسان نییە، چونکە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان، بە کورد و سوننە و شیعەوە، تێوەگلاون.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا لەم سەردانەدا، تاقیکردنەوەی پابەندبوونی عەلی زەیدییە بەو بەڵێنانەی داویەتی سەبارەت بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. د. محەممەد ئیحسان دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی بە هەنگاوەکانی کردووە. لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا، پەیامێکی روونی داوە کە عێراق حەوشەی پشتەوەی ئێران نییە و وڵاتێکی سەربەخۆیە."
یەکێک لەو خاڵانەی کە زەیدی وەک کارتێکی گوشار بەرامبەر بە نەیارەکانی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەکاریدەهێنێت، هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەیە. د. محەممەد ئیحسان لەمبارەیەوە دەڵێت: "هەر جارێک چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوشاریان بۆ هێناوە تاوەکو لە هەنگاوەکانی پەشیمان ببێتەوە، ئەو گوتوویەتی من دەست لەکاردەکێشمەوە. ئەوان لە دەستلەکارکێشانەوەی زەیدی دەترسن."
هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە لایەنەکان دەزانن ئەگەر عەلی زەیدی دەست لەکاربکێشێتەوە، ئەمریکا گەمارۆی تووندتر دەخاتە سەر عێراق و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت. د. محەممەد ئیحسان دەڵێت "ئەوان خۆیان لەژێر چەتری زەیدیدا شاردووەتەوە، نەک بە پێچەوانەوە."


