رووداو دیجیتاڵ
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، وەزارەتی داد دەڵێت، وەزیر سەلامەتە و رووداوەکە تەنیا زیانی مادی هەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دادی عێراق، رووداوەکە کاژێر 9:30ی شەوی دووشەممە (13ی تەممووزی 2026) لەسەر رێگەی خێرای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلەکەی وەزیری داد، کە بریکاری وەزارەتیشی لەگەڵ بووە.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد بە رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی هێڵکاریی هاتووچۆ، دەرکەوتووە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکە بە رێژەی 100٪ خەتابار بووە، ئەوەش بەهۆی "خێراییەکی زۆر و پابەندنەبوون بە رێساکانی لێخوڕین" کە بووەتە هۆی پێکدادانەکە.
وەزارەتی داد دەڵێت، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و خالید شوانی و بریکاری وەزارەت و پاسەوانەکانیشی سەلامەتن و زیانەکان تەنیا مادین.

