رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن، "هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە" لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گوتی، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق، قۆناخی هاوبەشیی ئابووریی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێدەکات.
دکتۆر حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، ئامانجەکانی سەردانی شاندە باڵاکەی عێراقی بۆ ئەمریکا روونکردەوە و رایگەیاند، ئەم سەردانە گۆڕانکاریی تێدایە لە جۆری پەیوەندییەکان، چونکە وەک ئەو گوتی: "دوای ساڵی 2003، پەیوەندییەکان زیاتر لایەنی ئەمنییان هەبووە، بەڵام ئەمڕۆ هەردوولا دەرک بە گرنگیی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەکەنەوە بۆ ستراتیژییەتێکی پتەو، کە پشت بە سوودی دوولایەنە ببەستێت."
کۆبوونەوەی زەیدی و ترەمپ؛ ئابووری لە پێشینەیە
بڕیارە سبەی، یەکەم دیداری نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت. گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، بنەمای ئەم دیالۆگە زیاتر لەسەر لایەنی ئابووری و وەبەرهێنان دەبێت و گوتی: "ژینگەی گفتوگۆکان پشت بە لایەنی ئابووری و پەرەپێدان دەبەستێت، بە شێوەیەک رەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ بەرژەوەندیی هەردوو وڵات هەبێت."
سەبارەت بە ئەگەری واژۆکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، حەیدەر عەبوودی، ئاشکرای کرد، کە "دیارترین هاوبەشیی ستراتیژی لە بواری وەبەرهێنانی نەوت دەبێت بۆ پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنان، هەروەها لە بواری کارەباشدا." روونیشی کردەوە کە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی تەنیا دۆسیەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو کەرتەکانی پەرەپێدان، خوێندن و گەشەپێدانیش دەگرێتەوە.
30ی ئەیلوول؛ وەرچەرخانێکی نوێ
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی سەردانەکەی شاندی عێراق، پەیوەستە بە کاتنامەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان. گوتەبێژی حکومەت بە رووداوی راگەیاند: "رۆژی 30-09، کۆتایی بە بوونی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دێت."
عەبوودی، دووپاتی لەوە کردەوە، کە عێراق دەیەوێت ئەم کاتە بکاتە دەرفەتێک بۆ گۆڕینی جۆری پەیوەندییەکە و گوتی: "پێمان وایە دوای تەواوبوونی بوونی سەربازیی، هاوبەشیی ئابووری دەست پێ دەکات. کاتێک ئەو ناوهێنانە سەربازیی یان ئەمنییە کۆتایی دێت، ئەوکات هاوبەشیی ئابووری لە نێوان عێراق و ئەمریکا دەست پێ دەکات، ئەمانەش کلیلەکانی گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیرانن لە واشنتن."
شاندەکەی عێراق کە یاوەریی سەرۆکوەزیران دەکەن، پێک هاتوون لە وەزیرانی دارایی، دەرەوە، نەوت، بازرگانی، پارێزگاری بانکی ناوەندی و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی ئەمنی و راوێژکار و سەرمایەدار، ئەمەش نیشانەی بایەخی دۆسیە ئابووری و داراییەکانە لەم سەردانەدا.
تۆڕی میدیایی رووداو وەک تەنیا میدیای کوردستان یاوەریی ئەم سەردانە دەکات. عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو لەگەڵ شاندەکەدایە و سات بە سات وردەکاریی کۆبوونەوە و رێککەوتنەکان بۆ بینەران و خوێنەرانی رووداو دەگوازێتەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر ئامانجی ئەو سەردانە چییە؟ گرنگترین ئەو بابەتانە چین، کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گفتوگوی لەبارەوە دەکەن؟
د. حەیدەر عەبوودی: زۆر سوپاس بۆ رووداو، سەردانەکەی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری وەزیرانی دارایی، دەرەوە، نەوت و بازرگانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و ژمارەیەک پەرلەمانتار و کەسایەتی ئەمنیی، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و واشنتن، دوای 2003 پەیوەندییەکە زیاتر لایەنی ئەمنیی بووە، ئەمڕۆ هەردوولا دەرک بە گرنگی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە دەکەنەوە. لایەنی ئابووری پەرە بە جۆری ئەو پەیوەندییە دەدات بۆ سراتیژییەکی پتەو، کە پشتبەستووبێت بە سوودی دوولایەنە، بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان عێراق و ئەمریکا، لەسەر ئەو بنەمایە سبەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکرێت، کە لە یەکەم دیداری بەڕێز عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دەستپێدەکات، بنەمای دیالۆگ و ژینگەی گفتوگۆکانیش پشتبەستوو دەبێت بە لایەنی ئابووری، وەبەرهێنان، پەرەپێدان بەشێوەیەک کە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت بۆ سەر بەرژەوەندی هەردوو وڵات.
رووداو: دکتۆر پێشبینی چی دەکرێت عێراق کە گرێبەست و رێککەوتنی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات؟ سروشتی ئەو گرێبەستانە چین؟
د. حەیدەر عەبوودی: دیارترین هاوبەشی ستراتیژی لە بواری وەبەرهێنان لە بواری نەوت دەبێت بۆ بەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنان، هەروەها لە بواری کارەباش. وێڕای وەبەرهێنان لە بواری گەشەپێدانی دیکە، دامەزراوەکانی دیکەی عێراقی ئەرکی خۆیان دەبێت لە تەواوکردنی ئەو جۆرە رێککەوتننانە، کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، رێککەوتنەکە تەنیا یەک دۆسییە ناگرێتەوە، بەڵکو دۆسیەی ئەمنیی، ئابووری، پەرەپێدان و خوێندن و هەموو ئەوانەی دەچنە چوارچێوەی گەشەپێدان.
رووداو: دیدار و کۆبوونەوەتان هەیە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و جەنگ، تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، ئایا ئامانج لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری جەنگ لە وەزارەتی جەنگ چییە؟
د. حەیدەر عەبوودی: رۆژی 30 مانگی 9، کۆتایی بە بوونی سەربازی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دێت، عێراق دەخوازێت و پێیوایە دوای تەواوبوونی بوونی سەربازیی، هاوبەشیی ئابووری دەستپێبکات، بۆیە کاتێک ئەو ناوهێنانە سەربازیی یان ئەمنییە کۆتایی دێت لە دوای 30 مانگی 9، ئەوکات هاوبەشی ئابووریی لەنێوان عێراق و ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات، بۆیە ئەمانە کلیکی گفتوگۆکانە.

