رووداو دیجیتاڵ
دوو نووسراوی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دوای نزیکەی مانگێک نەیانتوانیوە رێکارەکانی وردبینیی ئەمنی لەو پارێزگایەدا رابگرن، کە بۆ هاووڵاتییان دەکرێت.
لە 17ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا، وردبینیی ئەمنی بۆ ئەو هاووڵاتییانە هەڵبوەشێنرێتەوە کە کارتی نیشتمانییان هەیە لە مامەڵە کارگێڕی و یاساییەکاندا بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوی کەسەکان و بە نووسراوی فەرمیش پارێزگار لە بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.
لە نووسراوێکی دیکەدا کە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا ئاراستەی حەوت دەزگای ئەمنی جیاوازی پارێزگاکەی کردووە، دەقی بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای بۆ ناردوون بۆ هەڵوەشاندنەوەی وردبینیی ئەمنی تاوەکو جێبەجێ بکرێت.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە و ئەو وردبینییە ئەمنییە لە هەندێک مامەڵەدا کێشەی دروست کردووە، بۆ نموونە هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت مامەڵەکەی رادەگیرێت تاوەکو وردبینیی ئەمنی لە نەینەوا و دواتریش لە بەغدا بۆ دەکرێت، کە جاری وا هەیە چەند مانگێکی پێدەچێت؛ هەر هاووڵاتیەکیش ئەگەر ماڵەکەی بگوازێتەوە، ئەگەر وردبینیی ئەمنیی بۆ نەکرێت، رێگەی پێنادەن هێڵی کارەبای مۆلیدە بۆ ماڵەکەی رابکێشێت."
ئەو وردبینییە لە دوای شەڕی داعش لە نەینەوا دەستپێکرا؛ یەکێک لە ئامانجەکانی جیاکردنەوەی ئەو کەسانەیە کە تۆمەتبارن بەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش لە 2014 بۆ 2017 لەو پارێزگایەدا تاوانیان کردووە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: کێشەی جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارە لەوەدایە کە فەرمانگە مەدەنییەکان هێشتا بۆ دڵنیابوون لە دۆسیەی هاووڵاتییان، نووسراو بۆ دەزگا ئەمنییەکان دەکەن تاوەکو وردبینیی ئەمنییان بۆ بکەن، لەگەڵ ئەوەی کارتی نیشتمانییان هەیە کە ئەگەر کێشەیەکی یاساییان لەدژی هەبێت، دەزانرێت.



